دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا کە نێردەی هاوکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق و کۆنسوڵخانەی و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتانی لە هەرێمی کوردستانی ناردووە، بڕینی مووچەی فەرمانبەران بە پیشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەزانێ و داوای هاتنەسەرخەت و رۆڵی دیپلۆماسیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەم وڵاتانە دەکات کە لە هەرێم نوێنەرایەتییان هەیە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵیی خۆی سەبارەت بە ئەو ئازارە مرۆیی و کۆمەڵایەتییانەی لە ئەنجامی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دروست بووە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە ئەم کارەی حکوومەتی بەغدا بووەتە هۆی خراپبوونی ژیانی خەڵک و بازاڕ و باری دارایی هاووڵاتییان بە شێوەیەک کە پێنج هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەهۆی سەختی ژیان و قەرزاری و نەبوونییەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەختیشی کردووەتەوە حکوومەتی بەغدا وەک کارتی فشار بەرانبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانبەرانی هەرێم سزا دەدات و ئەم کارەش پیشێلکردنی دەستووری عێراق، بریاری دادگای فیدراڵی، پەیامننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەبەر ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ پەیوەندییەکیان بە ناکۆکی و کێشەکانی نێوان دوو حکوومەتەوە نییە.
لە کۆتایی نامەکەدا داوا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەی لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە کراوە بە دەستوەردانی دیپلۆماسیی بەپەلە، ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاو بگێڕن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە هەڵپەسێراوەکاندا بگێڕن بە شێوەیەک کە ئاشتی و کەرامەتی هاووڵاتییانی هەرێم بپاریزرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەموو ئەمانە دەبێت بە پێی بڕگەکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا مسۆگەرکردنی ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا لە ڕێگەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا

