رۆژنامەی ھەولێر

ئەندازیار ئەردەوان ئیبراھیم، بەرێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران: لە ئیدارەی سۆران هەوڵ بۆ چارەکردنی گرفتی کەمی کارەبا لە گوندەکان دەدرێت

بەھۆی ھاتنی شەپۆلێکی گەرما بۆ ھەرێمی کوردستان، خواست لەسەر کارەبا بووە بە دوو ھێندە، بەو ھۆیەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەم بوونەتەوە. بەرێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، دەڵێت: بەردەوام لەسەر خەت بووینە بۆ چارەکردنی کێشەی کەمی کارەبا لە گوند و شارەکان، ئێستا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و کێشە چارە کراوە. دەشڵێ: پڕۆژەی ڕووناکی لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەگاتە ئیدارەی سۆران.

ئەندازیار ئەردەوان ئیبراھیم، بەرێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی سۆران کێشەی کەمی کارەبا ھەبوو، لە وەزارەتی کارەبا لەڕووی تەکنیکییەوە کارەکان بەسەر سێ سێکتەر دابەش دەبن، بەرھەمھێنانی کارەبا، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، کارەکانی ئێمە دابەشکردنی کارەبایە، ئەو مێگاواتەی دەگاتە ئیدارەی سۆران، دابەشی سەر خەڵکی ناوچەکە دەکەین، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەھۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکی و دەرچوونی چەند وەحدەیەکی کارەبا لە خەبات و خورمەلە، نزیکەی ٤٥٠ مێگاوات کارەبا دەرچووبوو، ئەوەش ببووە ھۆی کەمبوونەوەی کاتەکانی کارەبا، ئێستا ئەو کێشانە چارە کراون و دۆخی کارەبا وەکو جاران لێ ھاتووەتەوە.
بەرێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، گوتیشی: لە ئیدارەی سۆران بە دوو کاتی جیاواز کارەبا دابەش دەکەین، ئەوەش لەبەر ئەوەیە لە گوندەکان مووەلیدە نییە بۆیە ناچارین بە شەو کارەبای نیشتمانی پێیان بدەین، بە ڕۆژیش لە کاتی گەرما چەند کاتژمێرێک کارەبایان ھەیە، لە شارەکانیش کاتەکانی دیکە کارەبا ھەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نەمان توانی کارەبای پێویست بۆ ئەو ناوچانە دابین بکەین، بەڵام ئێستا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و ھیچ گرفتێک نییە.
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراھیم، بەرێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، زیاتر دەڵێ: پڕۆژەی ڕووناکی لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ڕێکارێکی پێویست گیراوەتەبەر و کارەکان بەرەو کۆتایی دەچن و لە ماوەیەکی نزیکدا کارەبای سۆران دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.