ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا؛ بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی 18 شارەوانیی سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش دا، لە هەنگاوی یەکەمدا، پارچەزەوی بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەت و دامودەزگا جیاوازەکان لە سنووری قەزای بەحرکە، لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش دەکرێن و تیروپشک بۆ نزیکەی چوار هەزار فەرمانبەری سنووری قەزاکە دەکرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی خستە ڕوو، تاوەکوو ئێستا وردبینی بۆ ناوی 450 هەزار فەرمانبەر کراوە. باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا، بەهۆی کێشەی موڵکداری، لە سنووری هەندێک شارەوانی کێشەیان بۆ دروست بوو، ئەمەش وایکرد پرۆسەکە کەمێک دوابکەوێت، بەڵام وەکوو خۆی گوتی، هەموو ئەو کێشانە چارە کراون و لەمەودوا پرۆسەکە زۆر بە خێرایی تەواو دەکرێت.

