ڕائیب جادر – هەولێر
دوای خۆھەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە ٥٥٠ گوندی ھەرێمی کوردستان ئاوەدان ببنەوە و پڕۆژەی خزمەتگوزاریان پێ بگات، لەو نێوەندەدا ٢٠٠ گوند دەکەونە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. خەڵکی ئەو ناوچانە بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دڵخۆشن، بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ گوند و ناوچەکانیان و پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێ بگات، ھەروەھا چاویان لەوەیە دوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئاوەدانیان بکەنەوە و دەست بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بکەن.
ڕۆژی ھەینی ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان کە ژمارەیان ٣٠ چەکداربوون، وەک نیازپاکیی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان، لەنێو چەکدارەکاندا، چوار فەرماندەی باڵای پەکەکە چەکەکانیان دانا.
ھەر لە ھەمان ڕۆژ لە سەڵاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد، لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەھێز و نەتەوەیی و ستراتیژی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ھەروەھا داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد، لە پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام بێت.
شاندەکە وێڕای گەیاندنی پەیام و داواکەی ئۆجەلان، داواشیان کرد کە سەرۆک بارزانی سەردانی ئۆجەلان بکات.لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە ئەو ھەنگاوانەی لە پرۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر، ھەنگاوی گرنگن بە ئاراستەی دروست. ئەوەشی ڕاگەیاند پرۆسەی ئاشتیی پێویستی بە پشوودرێژی و وردبینی ھەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش.
ھەروەھا سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە، ١٠ ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبووڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت.
سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە دا، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناکات و سەبارەت بە داواکارییان بۆ سەردانی بۆ لای ئۆجەلان ڕایگەیاند، لە ھەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت. سەرۆک بارزانی داواشی کرد ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.
ژمارەی ئەو گوندانەی بەھۆی شەڕ و ناکۆکییەکانی پەکەکە و تورکیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چۆڵکراون، ٢٠٠ گوند دەبن، پێشبینی دەکرێت بەھۆی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، ئەو گوندانە ئاوەدان بکرێنەوە، لە سنووری باڵەکایەتی ١٣ گوند بە تەواوی چۆڵکراون، قەزای سیدەکان بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆی ٢٦٤ گوند ١١٨ گوند بە تەواوی چۆڵکراون و زیاتر لە ١٠٠ ھاووڵاتیی شەھید و بریندار بوونە، جگە لەوەی لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەتایبەتی لە بواری گەشتوگوزار، چونکە ناوچەی گەشتیاری زۆر تایبەت لەو سنوورە ھەنە، لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆریش، ٦٥ گوند بە تەواوی چۆڵکراون ژمارەیەکی زۆری ڕەز و باغی ھاووڵاتییان سووتاون، شارۆچکەی ڕواندزیش بە ھەمان شێوە، چوار گوند بە تەواوی چۆڵکراون و ژمارەیەک ھاووڵاتیی ئەو دەڤەرە شەھید و بریندار بوونە. کوردستانیانیش خۆشحاڵی خۆیان لە بارەی بڕیارەکە نیشانداوە بەتایبەتی کە بەشێکی زۆر لە ھاووڵاتییان بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی پەکەکە و تورکیا، چەندین ساڵە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە و قوربانیان داوە و زێدی باب و باپیرانیان چۆڵکردووە، ئێستا چاویان لەوەیە دوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئاوەدانیان بکەنەوە و دەست بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بکەن.
تارق حەتەم، ھاووڵاتییەکی سنووری سیدەکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بە بڕیاری چەکدانانی پەکەکە، زۆر دڵخۆشم ھیوادارم پرۆسەکە سەربگرێت و لەو دۆخە ناخۆشە ڕزگار بین و بگەڕێینەوە گوندەکانی خۆمان و کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی بکەین، بەوەش پێویستیمان بە مووچە نابێت.
حەسەن مستەفا، خەڵکی شارۆچکەی ئامێدییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەبوونی پەکەکە لە ناوچەکانی ئێمە ژیان و گوزەرانی ئێمەی بە تەواوەتی تێکداوە، لەبەر پەکەکە ئەوە زیاتر لە بیست ساڵە گوندەکانی خۆمان چۆڵکردووە و ڕوومان لە سەنتەری قەزای ئامێدی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر لەسەر گوندەکانی خۆمان باینە پەڕەمان بە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دەدا، ئێستا دوای ھاتنە کایەی پرۆسەی ئاشتی دڵمان خۆشە و بەو ھیوایەین ڕۆژێک بێت بگەڕێینەوە سەر گوندەکانمان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەین.
بەگوتەی بەرپرسان کە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” قسەیان کردووە، داواکاری سەرەکی خەڵکی ئەو گوندانەی چۆڵکراون ئەوەیە پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایەکانی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن و کاری ئاژەڵداری و جووتیاری بکەن، جگە لەوەی ئەو ناوچانەی چۆڵن بە دەیان شوێنی گەشتیاری و جوان و خۆشی لێیە دەبنە ھۆکارێک کە ئەو ناوچانە زیاتر سەرنجی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچانە ڕابکێشین، ھەروەھا ھەلی کاریش بۆ چەندین کەس دەڕەخسێت، بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی سەر سنوورن. ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت و ئارامی و ئاسایش بۆ گوند و شار و شارۆچکە و ناوچە سنوورییەکانی بگەڕێتەوە، کاروانی خزمەتگوزاری پێ دەگات و گوندەکان ئاوەدان دەبنەوە، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر بووژانەوەی ئابووری لە زۆربەی سێکتەرەکاندا. غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، پێشتر بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتبوو، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر شەست و پێنج گوند لەبەر پەکەکە ئاوەدان نەکراونەتەوە، پێشتر ھەوڵێکی زۆردرا و ئەو گوندانە ئاوەدان بوونەوە، بەڵام لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا دووبارە چۆڵکرانەوە و ھەتا ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵکی ئێمە ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەشڵێ: ئەگەر ئەو گوندانە ئاوەدان ببنەوە خەڵک دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر گوند و ئاواییەکانی خۆیان و ھەلی کاریش زیاتر بۆ ئەو خەڵکە دەرەخسێت، بەوەش داھاتیان باشتر دەبێت، ئێمەش وەکو حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ دەکەین، بۆ گوند و ئاوایەکانی دیکە چی کراوە بۆ ئەوانیش ئەوە دەکەین، بەوەش خەڵکەکە دەگەڕێتەوە و کۆچی پێچەوانە دەست پێ دەکات و خەڵک لە شارەکانەوە بۆ گوندەکان دەگەڕێتەوە.

