ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 2025.7.14، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، له دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەریى ئاو و گرفت و کێشەکانى کەمى کارەباى نیشتیمانى لە دەوروبەرى شارى هەولێر ئەنجامدرا.
له تەوەرى یەکەمى کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە چارەسەرییەکانى گرفتى کەم ئاوى لە دەوروبەرى شارى هەولێر، پارێزگارى ههولێر، تیشکى خستەسەر ئەو پلان و بەرنامە ڕێژیی و پڕۆژانەى کە لە ساڵانى ڕابردوودا بە پاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى کەم ئاوى لە تەواوى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون و بەهۆیانەوە توانراوە قۆناغى زۆر باش ببڕن و تاڕادەیەکى زۆر گرفت و کێشەکان کەمبۆتەوە، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشى لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و هەوڵ و ماندووبوونەکانى بەرز نرخاندن.
پاشان، خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە تەواوبوون و بەکارکەوتنى هێڵى یەکەمى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانى ناوشار، باسی لە گرنگيی پرۆژەكە کرد بۆ سەنتەرى شارى هەولێر، کە بەهۆیەوە بەشێکى دەوروبەرى شاریش لێى سوودمەندن دەبن، بەتایبەتى ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشکین و تاوەکو شەقامی کۆیە لە دەرەوەى شەقامى خێراى 120 مەترى، کە لە پێشتردا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دووچاری کەم ئاوی هاتبوون و لە ئێستادا ئاو دەگاتە ماڵەکانیان و کێشەی ئاویان نامێنێت.
سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشە و گرفتى کەم ئاویش لە بەشێکى دەوروبەرى شارى هەولێر، پارێزگارى هەولێر جەختى لە دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ بیرەکانى ئاوى پاکى ماڵان کردەوە، هەروەها ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگاى ڕاسپارد لە ڕێگەى تەنکەر ئاویان بۆ دابین بکرێت، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیشى ڕاسپارد، کە لەلە سنوورى پارێزگاى هەولێر نابێت کەمترین گرفت و کێشەی کەمی ئاو بمێنێت.
پاشان پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند، بە سوپاسەوە بۆ ئەو مانگەش لە سەر ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕی ( 2 ملیار دینار )ی دیکە وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەم و کوڕییە تەکنیکیەکان و نەهێڵانى گرفت و کێشەکانى سەرچاوەکانى ئاو تەرخانکراوە، لەوبارەیەشەوە بڕیاریدا بە خەرجکردنى هەر ( 2 ملیار دینار ) بۆ هەریەک لە ( بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەولێر، بەرێوەبەرایەتى ئاوى دەوروبەر، بەڕێوەبەرایەتى ئاوى کۆیە)، بۆ چارەسەرکردن و نەهێڵانى ئەو کەم و کوڕى و گرفتانەى هەن، جەختیشى له خێڕاترکردنى هەنگاوەکانیان کردەوە و دووپاتى کردەوە کە دەبێت لە زووترین کاتدا ڕێکارى پێویست بگرنەبەر و لە سەبیەوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی ئاوی ماڵان.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە کێشەى کەمى کارەبا لە دەوروبەرى شارى هەولێر و ئەو بڕەى کارەبا نیشتیمانییەى کە بۆ سنورى پارێزگاى هەولێر تەرخان کراوە، پارێزگارى هەولێر، جەختى لەوە کردەوە کە ئەگەرچى لەم وەرزەدا گرفتى بار زۆرى هەیە لە سەر تۆڕى کارەبا، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەبێت لەلایەن کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى ناوەندى هەرێم و وەزارەتى کارەبا، پشکی کارەباى هەولێر وەک ئەوەى کە بەشى شارەکەیە بەبێ لێبڕین و وەکو خۆى دابینبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەرێوەبەرایەتى گشتیى کارەباى هەولێر و بەرێوەبەرایەتى کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى هەولێرى ڕاسپاردا، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە بە تایبەتى لە دەوروبەرى شارى هەولێر، کە هێشتا پڕۆژەى ڕووناکیان پێنەگەیشتووە و کارەباى نیشتیمانیان نەبۆتە 24 کاتژمێرى، بەشێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازیى ئەو بڕە کارەبایە، لەو ناوچانە دابەش بکەن.
جێگەى باسە، هەریەک لە جێگری پارێزگار، یاریدەدەرى پارێزگار، قائیمقامى ناوەندنى هەولێر، سەرۆکى شارەوانى، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان، بەرێوەبەرى نووسینگەى پارێزگار، بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر، بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا، نوێنەرى بەڕێوەبەرى ئاوى دەوروبەر، بەرێوەبەرى مولیدەکانى ئەهلیەکان، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.

