رۆژنامەی ھەولێر

دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

لەسەر فەرمان و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی فەرمانبەران کە پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوونە، پارچە زەوییان پێ دەدرێت، کە لە ئێستادا لە سنووری بەشێک لە شارەوانییەکان زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر، دەڵێت: لە سنووری شارەوانییەکانی ھەولێر ٤٢ ھەزار فۆرمی دیکە بۆ وەرگرتنی زەوی ئامادەکراون.

بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستا فەرمانبەران بەشێکیان سوودمەند نەبوونە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بڕیارە ھیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. بەپێی ئەو ڕێنمایانەی بڵاوکراونەتەوە دەبێت فەرمانبەر پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبووبێت، ساڵانی خزمەت، خێزان، منداڵ لەگەڵ بڕوانامە بە خاڵ بۆی ھەژمار دەکرێت و ھەر فەرمانبەرێکیش لە ھەشت ساڵ خزمەتی زیاتر بێت مافی وەرگرتنی زەوی دەگرێتەوە.
ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، بۆ خێراکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، ڕووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت نابێت لە دوو سەد مەتر کەمتر بێت واتە درێژیەکەی ھەشت مەتر و پانییەکەی بیست و پێنج مەتر بێت.
لەلایەکی دیکەوە زیاتر لە ١٥ ھەزار فەرمانبەر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پارچە زەوییەکی ٢٠٠ مەتری وەردەگرن، زەوییەکانیش لە قەزاکانی ناوەندی سۆران، خەلیفان، ڕواندز و چۆمان دیاری کراون. مەریوان حاکم ھادی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر، ئاشکرای کرد: دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەت تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دا، دەستبەجێ وەزیری شارەوانی ئێمەی ڕاسپارد بۆ ئەوەی تەواوی ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرۆکایەتی شارەوانییەکان دەست پێ بکەین، ھەموو ئەو ڕێکارانەی کە پێویستن بۆ دانانی نەخشەی کەرتی و دروستکردنی زەوی نیشتەجێ تەواو بوونە و ھەفتەی ڕابردوو وەزیری شارەوانی تەواوی ئەو نەخشانەی پەسەند کرد کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە پێشکەش کرا بوون، لە ئێستادا دوای داخیلکردن و یەکلاکردنەوەی ناوەکان، ھەموو فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانییەکان جیا دەکرێنەوە و ناوەکانیان بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی ڕادەگەیەنرێت کە تا ئێستا نزیکەی ٤٢ ھەزار فۆرم بە دەست بەڕێوەبەرایەتییەکەمان گەیشتوونە و وردبینیان بۆ کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، دڵنیایی دەداتە ئەو ٤٢ ھەزار فەرمانبەرەی فۆرمی زەوییان پڕکردووەتەوە و ڕادەگەیەنێت، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێکارەکان کۆتاییان دێت و ھەموو ئەو پارچە زەوییانەیان دیاری کردووە کە بەھایەکی زۆر باشیان ھەیە و فەرمانبەران دەتوانن سوودیان لێ ببینن.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لە بەشێک لە شارەوانییەکان، لەوانە؛ بەحرکە، بنەسڵاوە و شاخۆڵان، تەواو بوون، ھەروەھا دڵنیایی دا کە لە دوو مانگی داھاتوودا ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سەرجەم شارەوانییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر تەواو دەبن.
ھەروەھا لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی قەزای ئاکرێ ١٠٥٩ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، سەرۆکایەتی شارەوانی ئاکرێ دوای ئەو پارچە زەویانە ١٠٣٩ پارچە زەوی دیکە دابەش دەکات. بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: وەکو مەرحەلەی یەکەم ١٠٥٩ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران، لە مەرحەلەی دووەم کە ئێستا ئامادەکاری دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ٢ ھەزار پارچە زەوی دیکە لەبەردەستی ئێمە دەبن و بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکەین.
سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکو یەک فەرمانبەر مابێت کە بڕیارەکەی حکوومەت بیگرێتەوە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، کارەکانیشمان بەپێی ئەو ماستەرپلانە بەڕێوەدەچێت کە بۆ نیشتەجێبوون دیاریکراوە، دیدگا بۆ ماستەر پلانی زەوییەکان ھەیە، کە یەکێک لەو دیدگایانە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بووە.