رۆژنامەی ھەولێر

پاسپۆرتی هەولێر بۆ هاوڵاتییان: سیستەمی ئەپلیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی کارا کراوە

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر  ڕایدەگەیەنێت: سیستەمی ئەپلیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی کارایە و هاوڵاتییان دەتوانن نۆرە دابنێن بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە ھەرچوار نووسینگەی سنووری پارێزگای ھەولێر ، نووسینگەی یەکی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، هەروەها نووسینگەی دووی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر و نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران و نووسینگەی پاسپۆرتی کۆیە، دەشڵێت: لە ئێستادا نۆرە بۆ هەفتەی داهاتوو بەردەستە.

پێنجشەممە 10ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دانانی نۆرە لە ڕێگای ئەپلیکەیشنی (الجواز العراقي ) دەبێت کە هاووڵاتییان لە ڕێگای مۆبایلەکەی خۆیانەوە لە هەردوو سیستەمی ئاندرۆید و ئای ئۆ ئێس سیستەمە ئێستا بەردەستە، یاخود لە ڕێگەی وێبسایت کە لەخوارەوە لینکەکەی دانراوە، هاوڵاتی دەتوانێت نۆرە بۆ خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی وەربگرێت پاش دیاریکردنی کات و رۆژی سەردانی، لە کۆتاییدا هاوڵاتی بارکۆدێکی بۆ دێت و پێویستە وێنەی بارکۆدەکە بگرێت و لەمۆبایلەکەی ھەلیگرێت، چونکە لە رۆژی سەردانی کردنی بەکاردێت بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکەی.

پاسپۆرتی هەولێر داوای لە هاوڵاتییان کردووە،  پێویستە کارتی بانکیی لەجۆری ماستەر کارد یان ڤیزا کاردتیان پێ بێت لەکاتی سەردانی کردن، ئەو کارتە بانکیانەش بەناوی خۆیانەوە بێت، هەروەها پارەی بە دیناری عێراقی تێدابێت بۆ پێدانی ڕسوومات کە بڕەکەی 91 هەزار دینارە، پاسپۆرتی هەولێر دەڵێت: هاوڵاتی دەتوانێت کارتی بانکیی (هەژماری من) بەکاربهێنێت بۆ پێدانی ڕسوومات، دەشڵێت:کارتی نیشتمانی ڕەسەن مەرجە بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت، پاسپۆرتی کۆنیش پێویستە ئەگەر مامەڵەی هاوڵاتی بۆ نوێ کردنەوەی پاسپۆرت بێت.

ڕایدەگەیەنێت: ئەو ھاوڵاتیانەی نۆرەیان بۆ شەفتی ئێوارەیە، پێویستە دوو کاتژمێر پێش کاتی نۆرەکەیان لە نووسینگەی پاسپۆرت ئامادەبن بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکەیان، دەڵێت: بۆ تەمەنی خوار 18 ساڵ، پێویستە باوک یاخود بەخێوکاری خۆی ئامادەبێت لەکاتی جێبەجێ کردنی مامەڵە و وەرگرتنەوە.