رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێم بەرهەمی گەنمی جووتیاران دەکڕێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چوارچێوەی پاڵپشتی جووتیاران و بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵی، حکوومەتی ھەرێم دەست بە کڕینەوەی بەرھەمی گەنمی جووتیاران دەکات، دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستانیش بڵاوی کردەوە، بەپێی جۆری گەنمەکە نرخ دانراوە. بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، دەڵێت: لە سنووری پارێزگای ھەولێر ١٨ ھەزار و ١٤٤ جووتیار ئەمساڵ بەرھەمی دانەوێلەیان ھەبووە، بەشێک لەو جووتیارانە گەنمەکەی خۆیان ڕادەستی سایلۆ کردووە، بەشەکەی دیکە کە گەنمەکەیان ماوەتەوە حکوومەتی ھەرێم پشتگیریان دەکات، بۆ ئەوەی لە ١٥ی ئەم مانگەوە بە بازاڕ بکەن.

ئەمساڵ بەھۆی کەمی باران، بۆ جووتیاران ساڵێکی باش نەبوو، تاڕادەیەک بەشێکیان دەستیان لە زەوییەکانیان ھەڵگرت و زەوییەکانیان دروێنە نەکرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ بایەخدان بە بەرھەمی جووتیاران، ژمارەیەک سایلۆی دروست کردووە و ئەمساڵیش ژمارەیەک سایلۆی نوێ، بۆ یەکەمجار گەنمیان لە جووتیاران وەرگرت.
ڕۆژی ١٠ـی حوزەیران پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە سلێمانی و دھۆک دەستی پێکرد و ڕۆژی ١٢ـی مانگ لە ھەولێر پرۆسەکە دەستی پێکرد، بەغداش تەنیا ٤٠٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت. پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکوومەتی ھەرێم لە ڕێککەوتی ١٥ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت، ھاوکات شایستە داراییەکانی جووتیاران لە ماوەی دوو مانگدا لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان خەرج دەکرێت.
حکوومەت دەیەوێت ئاسایشی خۆراک جێگیر بکات و جووتیارانی کوردستان زیانمەند نەبن، ساڵانەش کوردستان یەک ملیۆن تۆن گەنم بەرھەم دەھێنێت و حکوومەتی عێراقیش بڕێکی کەمی وەرگرتووە. سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات، خۆیشی زۆرجار سەردانی جووتیارانی کردووە و لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرێت، زۆر لە کێشەکانی چارەسەر کردووە وەک ئەوەی ئێستا کڕینەوەی گەنمی جووتیاران، ڕێ نادات گەنمی جووتیاران بمێنێتەوە و بێ بازاڕ بێت، بازاڕی بۆ دەدۆزێتەوە و ئەوەی حکوومەتی عێراق وەرینەگرتووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێی دوو کۆمپانیای گەورە لە ھەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیاری حکوومەت، ھەرچی گەنمی جووتیاران ھەیە وەریدەگرن، ئەمەش پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران.
بەھۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و وشکە ساڵییەوە ئەمساڵ بەرھەمی گەنمی جووتیاران بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بەپێی پێشبینی ئامارەکانی کشتوکاڵی ھەولێر بەرھەمی گەنمی جووتیاران ٢٤٠ ھەزار تۆنە، لەو ڕێژەیە لە ھەولێر ١٢٠ ھەزار تۆن گەنم حکوومەتی عێراق وەردەگرێت و ئەو بڕەی دیکەش کە دەمێنێتەوە حکوومەتی ھەرێم لە جووتیاران دەکڕێتەوە. ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە سنووری پارێزگای ھەولێر وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ھەولێر ١٨ ھەزار و ١٤٤ جووتیار ئەمساڵ بەرھەمی دانەوێلەیان ھەبووە، بەشێک لەو جووتیارانە گەنمەکەی خۆیان ڕادەستی سایلۆ کردووە، بەشەکەی دیکەیان کە گەنمەکەیان ماوەتەوە پشتگیریان دەکەین، بۆ ئەوەی لە ١٥ی ئەم مانگەوە لەو سایلۆیانە بە بازاڕ بکەن.
دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ڕاسپاردنی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و سەرۆکی لێژنەی بە بازاڕکردن و ساغکردنەوەی گەنمی ماوەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیاکانی خۆشناو و قەیوان، بڕیاردرا بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەم شێوەی خوارەوە، گەنمی پلە یەک بە ٥٥٠ ھەزار دینار و گەنمی پلە دوو بە ٥٢٥ ھەزار دینار. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، ئاشکرای کرد: ئەم ھەوڵەی حکوومەت بۆ زیاتر پاڵپشتی و بایەخدانە بە کەرتی کشتوکاڵ.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، گوتیشی: سێ ساڵە لە میانەی پڕۆسەکانی دروستکردنی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە ھەولێر، سلێمانی و دھۆک، بڕیار دراوە ئەو زیادەی کە دەمێنێتەوە بەپێی ئەو مواسفاتەی کە سایلۆیەکانی عێراق وەریدەگرن لە ھەرێمی کوردستان بە نرخێکی دیاریکراو لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە ئەم گەنمە وەربگیرێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە پاڵپشتی جووتیاران بکڕێت و ھەروەھا ھاندانێکیش بێت بۆ ئەوەی ساڵانی داھاتوو جووتیاران زیاتر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن، بۆ گەنمی پلە یەک ٥٥٠ ھەزار دینار و گەنمی پلە دووش بە ٥٢٥ ھەزار دینار دانراوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، دووپاتیشی دەکاتەوە، ھەموو ھەوڵێک دراوە، بەرھەمی جووتیاران لە ھەموو کەرەستە خۆراکییەکانی لە کوردستان بەرھەم دێن، پارێزگارییان لێ بکرێت و ساغ بکرێنەوە.