چواس خالید – هەولێر
دوای بڕیاری جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ڕووناكی له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه كاره‌بای ٢٤ كاتی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، كاره‌بای ٢٤ كاتی بۆ ٣٠%ی هه‌رێمی كوردستان دابینكراوه و پڕۆژه‌كه به‌رده‌وامه.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌درێژایی ته‌مه‌نی هه‌وڵیداوه چاره‌سه‌ری كه‌می كاره‌با بكات و كاته‌كانی پێدانی كاره‌با زیادتر بكات، له مێژووه‌كه‌یدا چه‌ندان جاریش به‌ڵێنی كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری دراوه، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان هیچی لێ شین نه‌بوو، كه تا ده‌هات هاوبه‌شانی كاره‌با زیادتر و خواستیش ڕۆژ به ڕۆژ به‌رزتر ده‌بۆوه.
پێشتر به‌رله ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ ی هه‌رێمی كوردستان له دژی ڕژێمی به‌عس، ئه‌و كاته‌ی كه ئامێره‌كانی گه‌رمكردنه‌وه و فێنككه‌ره‌وه هێنده به‌ربڵاو و به‌بێ سانسۆر و به‌ڵێشاو هاورده نه‌ده‌كرا، كه هه‌یانه تاقه ئامێرێك زیادتر له بیست ئه‌مپێر كاره‌با خه‌رج ده‌كات، كاره‌بای هه‌موو كوردستان له هه‌ردوو به‌نداوه‌كانی دووكان و ده‌ربه‌ندیخان به نزیكه‌ی ٣٥٠ مێگاوات دابین ده‌كرا و تا ڕاده‌یه‌ك خواستی هاوبه‌شانی پڕ ده‌كرده‌وه، به‌ڵام وایلێهات ئه‌و دوو به‌نداوه نه‌ك هه‌ر به‌شی هاوبه‌شانی كاره‌با نه‌كات، به‌ڵكو نه‌توانێت ٥%ی خواستی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان پڕبكاته‌وه.
به‌رهه‌می كه‌می كاره‌بای نیشتمانی مۆلیده‌ی ئه‌هلی داهێنا، كه له گه‌ڕه‌كی هه‌موو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دانه‌یه‌ك و دووان هه‌ڵتۆقین، به جۆرێك ته‌نیا له هه‌ولێری پایته‌خت، زیادتر له دوو هه‌زار دانه داندران، ئه‌و مۆلیدانه كه تا ڕاده‌یه‌ك بوونه به‌دیل و هاوكاری كاره‌بای نیشتمانی، به‌ڵام باقه باقه ژه‌هریان تێكه‌ڵ به هه‌وای كوردستان و به ڕژاندنی ڕۆنی ڕه‌ش، زه‌وی و ئاوی ژێرزه‌وییان ژه‌هراوی ده‌كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گرفتی كه‌می كاره‌بای نیشتمانی هه‌ر مایه‌وه و چاره‌سه‌ر نه‌بوو، به‌رده‌وامیش لێره و له‌وێ یه‌كه‌ی نیشته‌جێی نوێ و مه‌زره‌عه له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵی و سه‌یرانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌تۆقین و له شه‌واندا ده‌شته‌كانیان كرده چراخان.
هه‌رچه‌ندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای زیادتر و زیادتر ده‌كرد، به‌ڵام گه‌یشتن به خواستی هاوبه‌شانی، ڕاكردن بوو به‌دوای سێبه‌ردا، كه توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانده‌خست هه‌ر تاكێكی هه‌رێمی كوردستان، سێ هێنده‌ی وڵاتانی دراوسێ و شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تاكێكی ئه‌وروپی كاره‌با خه‌رج ده‌كات، به‌جۆرێك به پێی به‌دواداچوون و زانیارییه‌كانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ماڵ هه‌بوو كه به چوار ئه‌مپێری مۆلیده ئیداره ده‌درا، حه‌فتا ئه‌مپێری كاره‌بای نیشتمانی به‌شی نه‌ده‌كرد!.
له هه‌رێمی كوردستان گرفتی كه‌می كاره‌بای نیشتمانی ساڵانه زیادتر له وه‌رزه‌كانی هاوین و زستانه، كه تێیدا خواست له ترۆپكه، به‌پێی ئاماری به‌رده‌ست ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، خواستی تێكڕای هاوبه‌شانی كاره‌بای نیشتمانی له‌و وه‌رزانه‌دا، سه‌روی حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د مێگاواته، ئه‌وه‌ش زیاتر له دوو ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایه، كه له ڕابردوودا و له باشترین دۆخدا سێ هه‌زار و پێنج سه‌د مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م هێندراوه.
بوونی كاره‌بای به‌رده‌وام كه مافی سه‌ره‌تایی و پێویستیی هاووڵاتیانه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی ئه‌و ڕێژه زۆره‌ی كاره‌با له‌لایه‌ن تاكه‌وه، كاره‌بای زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هاوبه‌شانیش له‌ودیو پێوه‌ره‌كان بوو، كه به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی لیژنه‌كانی به‌دواداچوونه‌وه هه‌وڵی بڕین و سزادانی سه‌رپێچیكاران دراوه، به‌ڵام نه‌توانرا بنبڕ بكرێت، كه به‌پێی ئاماری به‌رده‌ست له وه‌زاره‌تی كاره‌با، له ساڵی ٢٠٢٣دا، له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، ده هه‌زار و بیست و حه‌وت سه‌رپێچی له‌سه‌ر پێوه‌ری زیره‌ك و تۆڕه‌كانی كاره‌با به‌گشتی تۆماركراوه و ڕێكاری یاسایی له‌به‌رانبه‌ریاندا گیراوه‌ته‌به‌ر.
ئه‌و سه‌رپێچیكارانه كه له به‌كارهێنان و به فیڕۆدانی ده‌ستیان نه‌پارستووه، سه‌رپێچییان كردووه‌ته سه‌ر كاره‌بایه‌ك كه ساڵانه به‌شێكی دیاری له سامانی گشتی بۆ ته‌رخان كراوه و خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی له ئه‌ستۆی حكوومه‌ت گه‌لێك قه‌به و له به‌رانبه‌ردا ٢٥% ی تێچووه‌كه‌ی له هاووڵاتیانی وه‌رگرتووه‌ته‌وه.
گرفته‌كان كه‌م نین و دوای ته‌مه‌نێك له بوونی گرفتی كه‌می كاره‌با، دواجار له تشرینی دووه‌می ٢٠٢٤، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی گرفتی كاره‌بای دا، كه به په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كاره‌با و جێبه‌جێكردنی چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له سێكته‌ری وه‌به‌رهێنان و گواستنه‌وه و دابه‌شكردن له هه‌موو كوردستان و فراوانكردنی تۆڕه‌كان و بونیادنانی ده‌یان وێستگه، له‌گه‌ڵ دانانی پێوه‌ری زیره‌ك به‌تێچووی دوو سه‌د و په‌نجا ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ژێرخانی كاره‌بای له هه‌رێمی كوردستان پته‌وكرد، ئێستاش به‌جێبه‌جێكردنی ‘پڕۆژه‌ی ڕووناكی’، خه‌ونی بوونی كاره‌بای ٢٤ كاتی له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنێته دی.
پڕۆژه‌ی ڕووناكی له كۆتاییەكانی ٢٠٢٤ كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه كاره‌بای ٢٤ كاتی بۆ هاوبه‌شانی دابین ده‌كرێت.
٩ی ته‌مووزی ٢٠٢٥، وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، گه‌یه‌شتنی كاره‌بای ٢٤ كاتی بۆ زیادتر له دوو ملیۆن هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان دابینكراوه، كه ده‌كاته نزیكه‌ی ٣٠%ی كۆی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان.
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا هاتووه، دوابه‌دوای ئه‌م فراوانبوونه‌ی ئه‌مڕۆ، زۆرینه‌ی هاووڵاتیان له‌سه‌ر ئاستی شاره‌كانی هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی، كاره‌بای ٢٤ كاتی‌یان بۆ دابینكراوه و خراونه‌ته نێو پڕۆژه‌ی ڕووناكییه‌وه.
ئه‌و فراهوانبوونه‌ش ته‌واوی هه‌ردوو بازنه‌ی ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێر و شه‌ست مه‌تری له سلێمانی ده‌گرێته‌وه و ئه‌م ده‌ستكه‌وته هه‌نگاوێكی گرنگه به‌ره‌و دابینكردنی كاره‌بای به‌رده‌وام و هه‌رزانتر له‌پاڵ ژینگه‌یه‌كی پاكتر له هه‌رێمی كوردستان.
هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردن خێران و له‌و ماوه كه‌مه‌دا، ئێستا كۆی گشتی سودمه‌ندانی پڕۆژه‌ی ڕووناكی له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان، ئێستا زیادتر له دوو ملیۆن هاووڵاتی و پێنج سه‌د و چل و چوار هه‌زار هاووبه‌ش له كاره‌بای ٢٤ كاتی پڕۆژه‌ی ڕووناكی سودمه‌ند بوونه.
پڕۆژه‌ی ڕووناكی به‌جۆرێك ڕێكخراوه، تا ده‌ست به كاره‌باوه بگیرێت و به‌فیڕۆ نه‌درێت، بڕی خه‌رجی كه‌متر بۆ هاوبه‌شانی هه‌ژمار ده‌كرێت و بڕیاره تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، هه‌موو هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه و كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری فه‌راهه‌م بێت.
پڕۆژه‌ی ڕووناكی سه‌ره‌تا له گه‌ڕه‌كه‌كانی شادی و به‌هاری نوێ و نازناز و به‌ختیاری و سه‌ربه‌تی و كوران و كوردستان و ماجیداوه و ڕزگای و به‌هار و كرێكاران له گه‌ڵ گه‌ڕه‌كه‌كانی ئازادی و ڕاستی جێبه‌جێكرا، دواتریش گه‌ڕه‌كه‌كانی زانیار و ته‌عجیل و عه‌ره‌بان و مناره خرانه پڕۆسه‌كه‌وه.
هاوكات پڕۆژه‌ی ڕووناكی گه‌یشتووه‌ته پارێزگای سلێمانی و له‌وێش بازاڕی سلێمانی و به‌شێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی ئیبراهیم پاشا و سابوونكه‌ران و دارۆغا و حاجی حان و مه‌وله‌وی و جاده‌ی ئۆرزی و سه‌لیمبه‌گ و خانه‌قا كاره‌بای ٢٤ كاتی‌یان بۆ دابین ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش كاره‌ته‌كنییكیه‌كانی پڕۆژه‌ی ڕووناكی له پارێزگای دهۆكیش ته‌واو بوونه و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا، یه‌كه‌مین گه‌ڕه‌كی پارێزگای دهۆكیش به‌هۆی پڕۆژه‌كه‌وه كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری بۆ دابین ده‌كرێت.
پڕۆژه‌ی ‘ڕووناكی’، جیا له سودی دابینكردنی كاره‌بای ٢٤كاتژمێری، هه‌ڵبه‌ت ڕۆڵی گرنگی هه‌یه له پاككردنه‌وه‌ی ژینگه، كه تا ئێستا به‌هۆی پڕۆژه‌ی ڕووناكییه‌وه، زیادتر له دوو هه‌زار و سه‌د مۆلیده‌ی ئه‌هلی له گه‌ڕه‌كه‌كان كوژێندراونه‌ته‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پلانیدایه زیادتر له حه‌وت هه‌زار مۆلیده بكوژێنێته‌وه.
له دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ه‌وه، خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ست په‌تای كه‌می كاره‌باوه ده‌ناڵێنت، په‌تایه‌ك ماوه‌كه‌ی تا ئه‌مڕۆ درێژ بووه‌ته‌وه و له وه‌رزه‌كانی هاوین و زستاندا تاڵاوی پێ چه‌شتوون، ئه‌و كاره‌بایه‌ی جاران هاوبه‌شان به‌هیوای هاتنه‌وه‌ی بوون تا هه‌رچی هه‌یانه پێی بكه‌ن، بۆ له‌مه‌ودوا له‌به‌ر پاراستنی ئامێره‌كانیان، ڕه‌نگبێت پێویست بێت ماوه ماوه خۆیان بیكوژێننه‌وه.

