رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان بە تەواوی هەنگاوی بۆ چارەکردنی گرفتی کارەبا ناوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

لەکاتێکدا خەریکە هەرێمی کوردستان بەرەو کارەبای بیست و چوار سەعاتی هەنگاو دەنێت و پایتەختەکەی لە مۆلیدە ڕزگاری بووە، لە عێراقی فیدراڵی دۆخەکە پێچەوانەیە و ڕۆژانە تەنیا چەند سەعاتێک کارەبای نیشتمانی دابین دەکرێ و ئەوەی تری پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەسترێت.

عێراقی فیدراڵ سەرەڕای ئەوەی کە لە جیهاندا یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە نەوت و گاز و بودجە و سەرمایەکی زۆری لەبەردەستدا بووە بۆ ئەوەی لە کەرتی وزەدا وەبەرهێنان بکات، بەڵام خەریکبوونی بە کێشە لاوەکییەکان و سەرقاڵبوون بە ململانێی سیاسی و شەڕی تایفی و لە سەرووی هەموویان گەندەڵیی و ئیدارەدانی خراپی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، وای لێکردووە نەتوانێت پێداویستییەکانی وڵات بە گاز و کارەبا دابین بکات .
عێراق تەنانەت بۆ ئەو کارەبایەش کە بەرهەمی هێناوە نەیتوانیوە سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکان دابین بکات و سووتەمەنیی گازی سروشتی لەدەرەوە هاوردە کردووە. لەم ڕووەوە زیاتر پشتی بە ئێران بەستووە بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا ئەو دەروازەیەی هاوردەکاریی لێ داخراوە.
تا سەرەتای ئاداری ئەمساڵ عێراق ڕۆژانە لە ئێران گازی سروشتی و کارەبای هاوردە دەکرد گازەکەی وەک سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار دەهێنا بەڵام لەو کاتەوە ئەمەریکا مۆڵەتی هاوردەکردنی گازی بۆ درێژ نەکردووەتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە خولی پێشوویدا لە ڕێککەوتنی ئەتومی کشایەوە و سیاسەتی سەپاندنی زۆرترین گوشار و سزا دژی ئێرانی گرتەبەر، وەک هاوکارییەک بۆ عێراق ڕێی بە بەغدا دا بەشێک لە پێداویستییەکانی وزەی لە ئێرانەوە دابین بکات بەو مەرجەی خۆی مشووری ئەو قەیرانەی بخوات و بەرهەمهێنان لە ناوخۆ پەرە پێ بدات و جێگرەوەیەک بۆ بەرهەمە ئێرانییەکە بدۆزێتەوە.
هەموو سێ مانگ جارێک ئەمەریکا ئەو مۆڵەتەی بۆ عێراق نوێ دەکردەوە و دواتر بە درێژایی دەسەڵاتی جۆ بایدن مۆڵەتەکە درێژ کرایەوە.
لە ئاداری ئەمساڵ و ڕێک دوو مانگ و نیو دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی ترەمپ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند، له‌ پێناو پلانی سه‌پاندنی زۆرترین گوشار دژی ئێران، كۆتایی به‌ لێخۆشبوونی عێراق بۆ كڕینی كاره‌با له‌ ئێران دەهێنێت و ئه‌و وڵاته‌ چیتر ناتوانێت له‌ ئێرانه‌وه‌ كاره‌با هاورده‌ بكات.
هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە بودجەیەکی کەمتری لەبەردەستدا بووە لەرووی سوودوەرگرتن لە سامانی سروشتی و گاز و کارەبا، هەنگاوی زۆر گەورەی هەڵێناوە و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای زەبەلاح لە بواری بەرهەمهێنانی گازی سروشتیدا کار دەکەن و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پشت بەو گازە دەبەستن و توانای ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار مێگاواتە و بە هۆکاری تەکنیکی بەشێک لە یەکەکانی بەرهەمهێنان کوژێندرابوونەوە و لە ژێر کاریگەریی پڕۆژەی ڕووناکی خەریکە یەک لە دوای یەک چالاک دەکرێنەوە.

هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی کارەبا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بەرەو کارەبای بیست و چوار سەعاتی هەنگاو دەنێت و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەواوی ناوشاری هەولێر کەوتە ژێر سێبەری ئەم پڕۆژەیە و بڕیارە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ تەواوی هەرێمی کوردستان بکرێتە کارەبای بیست و چوار سەعاتی.

پلەکانی گەرما زۆر بەرزن و ئەوەش وای کردووە سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی لە عێراق زۆر دابەزن.عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ تورکمانستان کردووە کە گازی لێیەوە هاوردە بکات و گازی ئەو وڵاتەش لە ڕێی ئێرانەوە دەگاتە عێراق بەڵام هێشتا بە پراکتیکی جێبەجێ نەکراوە.
یەکێک لە بابەتەکانی کارنامەی کاری دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەوە بووە بودجە بۆ ئەو پڕۆژەیە دابین بکرێت کە ملیارێک و سەد ملیۆن دۆلاری بۆ پێشنیاز کرابوو و بەهۆی گرێبەستێک بیست ملیۆن مەتر سێجا لە تورکمانستانەوە هاوردە دەکرێت، پڕۆژەیەک کە تەنیا پینەکردنی قەیرانەکەیە و چارەی دەردی عێراقییەکان ناکات تا ئەو کاتە وڵات پشت بە پڕۆژە خۆماڵییەکانی نەبەستێت و خۆی لە هاوردەکارەوە نەبێتە بەرهەمهێنەر.