وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت: ئەوەی حکوومەتی عێراق لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیکات، لە دەرەوەی دەستوور و یاسایە، پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان داوا دەکات نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بن بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان دەستووریی و یاسایی نییە، گوتی: ئێمە وەک پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئایینی لەگەڵ ئەوەداین پرسی مووچە نەخرێتە نێو ململانێ سیاسییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەشێوەیەکی سیاسیی مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەدا کردووە و هەوڵیانداوە لەو ڕێگەیەوە فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن، گوتی: هیوادارین ئەم کێشەیە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت.
ئایدن مەعروف بەناوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد کە لە بەغدا نوێنەریان لە حکوومەت و پەرلەمان هەیە، لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە گەلی کوردستان یەکهەڵوێست بن، بەتایبەت لەسەر پرسی مووچە، چونکە خەڵکێک هەیە لە بەغدا سوود لە لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وەردەگرن، گوتی: ئەوە بەرپرسیارەتی نیشتمانییە کە بەیەکەوە بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.
ئایدن مەعروف پێی وابوو، لە ئایندەیەکی نزیک کێشەی مووچە چارە دەبێت، هەرچەند پێیان وایە حکوومەتی عێراق لە پرسی چارەکردنی کێشەی مووچە ڕژد نییە و نییەتی باشی نییە.

