ڕائیب جادر – هەولێر
شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆران بڕیارێکی سیاسی و نادەستوورییە دژی خەڵکی کوردستان. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بەغدا کارتی مووچەی کردووەتە کارتێکی سیاسی و دژی ھەرێمی کوردستان بەکاری دێنێت.
لە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٥ـەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە نووسراوێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە لەوەی چی دیکە ناتوانێت لە ناردنی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوی ئەوەی، ھەرێمی کوردستان بڕی پشکی دیاریکراوی خۆی لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەی بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی.
حکوومەتی عێراق لەوەتەی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ـەوە سیاسەتێکی بەرانبەر ھەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر کە بریتییە لە ژێردەستەکردن و دەستەمۆکردنی خەڵکی کوردستان، بە ھەمان ئاوازی سەردەمی بەعس، بێ ئەوەی چاوی بکاتەوە و دەستوور و یاساکان ببینێت، ھەرێمی کوردستانیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕابردوو و خوێندنەوەی ژیرانە بۆ سیاسەتەکانی بەغدا لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ژێر ھیچ بیانوویەک پاشەکشە ناکات.
ئازاد سەبری، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەرێمی کوردستان پابەند بووە بە دەستوور و ڕێککەوتنەکان، خۆراگرییەکی زۆری دەربڕیوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتەکەی سوودانی، بەڵام کێشەکە لەوە دایە ئیرادەیەکی سیاسی لە بەغدا ھەیە کە کار لەسەر سنووردارکردن و لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان دەکات، بەشێوەیەک لە شێوەکان وێرای ئەوەی ئەو شاندە تەکنیکی و سیاسییانەی سەردانی بەغدایان کردووە، نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، پابەندی خۆیان دەربڕیوە لەسەر ئاستی ھەناردەکردنی نەوت و بە بازاڕکردنی لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە، بە ھەمان شێوە ڕێگەی ڕێکخستنی ناردنی داھاتەکانی دیکە وەکو داھاتی گومرکی و داھاتی باج و مامەڵە کردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، جگە لەمەش لە بابەتەکانی وەکو مووچە، کارکردن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکان، ھەرێمی کوردستان یارمەتیدەر بووە، بەڵام ئەمانە بەشێک لە ئیرادە سیاسییەکانی ڕازی نەکردووە.
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری، گوتیشی: بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە بڕیارێکی سیاسیی و نادەستووریی و دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، پێویستە کێشەی مووچە لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی چارە بکرێت و چی دیکە مووچە نەکرێتە کارتێکی سیاسی و دژی ھەرێم بەکاربھێنرێت، بەڵام عەقڵییەتی بەغدا لە دەرەوەی دەستوور بڕیار دەردەکات و بە ئارەزووی خۆیان سیاسەت دەکەن، پێویستە گۆڕانکاریی لەو عەقڵییەتەی بەغدا بکرێت، ئەم عەقڵییەتە ئێستا نییە زوڵم لە میللەتی کورد دەکات، بەڵکو پێشتریش زوڵمی لێ کردووە.
نازم جەبار، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە بواری دارایی و کارگێڕی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق کارنامەی حکوومەتەکەی پێشێل کردووە، ھەموو ئەو ڕێککەوتننانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراون لە کارنامەی حکوومەت جێگیر کراوە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام بەغدا پێگری پێ ناکات، عەقڵیەتێک لە عێراق دروست بووە، باوەڕی بە فیدراڵیەت نییە، تاوەکو بڕیاری سیاسیی عێراقی تەواو عێراقی نەبێت و کاریگەریی سیاسەتی دەرەکی بەسەرەوە نەبێت، ھاوکات تاوەکو بەرژەوەندیی ھاووڵاتیی عێراقی لە زاخۆ تاکو بەسڕە نەبێتە پرس لای سیاسەتمەدارانی عێراقی پێش بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە، ئەوا عێراق نابێت بە وڵاتێکی دیموکراسی و فیدراڵی.
زیاتر گوتی: ھەر کێشەیەک لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت، پێویستە لەڕێگەی ھەردوو حکوومەت چارەسەر بکرێت و ئەوان تەنیا دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەوەی جێگەی داخە خەڵکانێک بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی تاکەکەسی دێن بەرگری لە عێراق دەکەن، ئەمەش لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان یەک ناگرێتەوە و دژی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە، چونکە خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەسەر حەقە و بەغدا ستەمیان لێ دەکات و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەیەوێت لەڕێگەی گفتوگۆ مافەکانیان بەدەست بێنێت.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ھەندێک لایەنی کوردستانی پشتگیری لە بەغدا دەکەن، ئەمەش وایکردووە بەغدا زیاتر بیانوو بە ھەرێمی کوردستان بگرێت، بۆیە ھەر چەند داواکاری بەغدا جێبەجێ بکرێت، ئەوان بیانووی زیاتر دێنەوە، ئەو لایەنانە ناکرێت ئەم بارودۆخەی ئێستا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بێنن، لە ھەمان کاتدا بەغدا مووچەی کردووەتە کارتێکی سیاسی بۆ لاوازکردن و دژایەتیکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەکاری دێنن.
ئەو چالاکوانە، جەختی لەوەشکردەوە: بەغدا بە مەبەست ئەوە دەکات، بۆ ئەوەی فەرمانبەران دژی حکوومەتی ھەرێم ھان بدات و پشێوی دروست ببێت، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان بەردەوام نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و بەغدا پێشان داوە، دەبێت کێشەکان بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن، بەڵام بەغدا دەیەوێ بڕیارەکانی خۆی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت، ئەوەش ئەوە دەردەخات بەغدا بە ئاشکرا دژایەتی ھەرێم دەکات، ئەگەرنا ھیچ بیانوویەکی لە بەردەستدا نییە و بە ویستی خۆی مووچەی دواخستووە و تەنیا دەیەوێت خۆی بسەپێنێت.

