رۆژنامەی ھەولێر

ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان لەو ٢٠ساڵەدا ئەوەندەی ئێستا کەمی نەکردووە

بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان و دووەم بەنداوی هەرە گەورەی عێراق، ئێستاکە ئاستی ئاوەکەی بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە؛ لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دابەزینی لەو شێوەیەی بە خۆیەوە نەبینیوە.

بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی ٧ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە بەڵام ئێستا ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە ٢٤٪ دابەزیوە بە جۆرێک کە ئێستا کە وەرزی کۆگاکردن و گلدانەوەی ئاوە لە بەنداوەکە لە بری زیادبوونی ئاستی ئاوەکەی لە هەر ٢٤ کاتژمێرێک، ٤ سانتیمەتر ستوونی ئاستی ئاوەکەی دادەبەزێت و تەنها یەک لە سێ بەشی ئاوی تێدا ماوە هۆکارەکەشی ئاشکرایە کە کەمکردنی ڕێژەی بارانبارینە کە لەمساڵدا ڕێژەکە لە سێ یەکی ئەو ڕێژەیە کەمترە کە ساڵی پار باریوە و بە پێی ئامارەکان لە دووکان تەنها ٢٠٥ملم باران باریوە.
کۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان ئاشکرای دەکات کە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دووکان بەجۆرێکە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووی بەنداوەکدا ئاوی بەنداوەکە کەمبوونەوەی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە و خەڵکیش دەڵێن بەهۆی کەمی ئاستی ئاوەکە لە بەنداوەکەدا چەند دوورگەیەکی بچووک دەرکەوتون کە پێشتر نەبینراون و ئەو کەمبوونەوەیەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کشتوکاڵی ناوچەکە دروست کردووە.
سێکتەری ئاو گرینگترین سێکتەرە لە بەڕێوەبردنی هەر وڵاتێکدا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانەوە هەیە جگە لەوەش بەشێکی زۆر لە سێکتەرەکانی تری وەک کشتوکاڵ، گەشتو گوزار و کارەبای لەسەر بەندە کە بەبێ ئاو بەڕێوە ناچن بۆیە کەمی ئاو کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی لایەنەکانی ژیانی هەر ناوچەیەک دروست دەکات کە کەمئاوی ڕووی تێ بکات.
جگە لە بواری کشتوکاڵ، ئاودێری، گەشتوگوزار و بەرهەمهێنانی کارەبا، بەنداوەکە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ملیۆنان کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکووک و تەنانەت شارەکانی ناوەڕاستی عێراقیش. ئێستاکە ئەگەرچی لە پێنج یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا ئێستا تەنها یەک یەکە کاری پێ دەکرێت بەڵام کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە کاریگەری لەسەر تەواوی ئەو پڕۆژانەی ئاوی خواردنەوە دەبێت کە دەکەونە خوار بەنداوەکە.
جێی ئاماژەیە لە هەرێمی کوردستان ٨ بەنداوی ستراتیجی و چەندین پۆندی گلدانەوەی ئاو هەن کە سەدا ٣٠ـی ئاوی گلدراوەی عێراق پێک دەهێنن بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمی تێکڕای ڕێژەی بارانبارینەوە لە هەرێمی کوردستان، ئاوی کۆگاکراوی ناو بەنداو و پۆندەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر دابەزیوە لە ئێستادا ئاوی کۆگاکراوی ناو تێکڕای بەنداو و پۆندەکانی هەرێمی کوردستان کە ٣ملیار و ٥٠٠ملیۆن مەتر سێجایە، کەمترە لە نیوەی تێکڕای ئەو ئاوەی کە بەنداوی دووکان لە کاتی پڕبوونیدا لەخۆی دەگرێت. بەگوێرەی ئامارەکانیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاوی گلدراوە، لە ١٠ملیار مەتر سێجاوە بۆ ٤ملیار مەتر سێجا دابەزیوە.
هاوکات بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لەناویشیدا هەرێمی کوردستان، لە ڕیزبەندی ئەو پێنج وڵاتەدایە کە زۆرترین. زیانیان بەرکەوتووە بە هۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.