ڕائیب جادر – هەولێر
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لیستی کاندیدانی پارتی لە پارێزگای مووسڵ یەکلای بووەتەوە و ھەموو ڕێکارەکانی حزبی و یاسایی و کارگێڕیی تەواو کردووە و ٦٢ کاندید لە خۆدەگرێت، لەو ژمارەیە ١٧ ئافرەت دەبن، کاندیدەکانیش لەسەر کۆمەڵێک بنەما دیاری کراون، بۆ ئەوەی بتوانین لەم ھەڵبژاردنەدا زۆرترین دەنگ و کورسی بەدەست بێنین. دەشڵێ: پارتی ھەموو کات لەگەڵ یەکڕیزی بووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠، ھەوڵیشمان داوە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی بە یەک لیست لەو ناوچانە بەشداری ھەڵبژاردن بکەین، بەڵام ڕێککەوتن نەبووە.
بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، ئاشکرای کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو ھەر لایەنێکی دیکەی سیاسی لیستی خۆی ھەیە، لە پارێزگایەکی وەکو نەینەوا کە دووەمین پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق، کاندیدی زۆرمان ھەیە، کۆی کاندیدەکانمان ٦٢ کاندیدە، بەھۆی ئەوەی لە مووسڵ ٣١ کورسییە، دەتوانی دووقات کاندیدت ھەبێت بەپێی یاسا، ئەو کاندیدانە پێشکەش بە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کراوە، پارتییش وەکو ھەموو لایەنەکانی دیکە چاوەڕوانی وەڵامی کۆمیسیۆنە بۆ سادقەکردنی ناوەکان.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، دەشڵێ: ئەو ٦٢ کاندیدە نەک تەنیا لە سەنتەری شاری مووسڵن، پارتی لە سنووری مووسڵ سێ لقی ھەیە، ئەوانیش لقی ٢٣ی مەخموور، لقی ١٤ی مووسڵ و لقی ١٧ی ڕۆژئاوای دیجلە، لە ھەمان کاتیشدا مووسڵ ٣١ یەکەی ئیداری لە خۆ دەگرێت، لە بەشی ھەرە زۆری ئەو یەکە ئیداریانە کاندیدمان ھەیە، لەناو سەنتەری شاری مووسڵیش کۆمەڵێک کاندیدمان ھەیە.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، گوتیشی: ناتوانین بڵێین لەم ھەڵبژاردنەدا چەند کورسی و دەنگ بەدەست دێنین، چونکە جارێ زووە بۆ ھەڵبژاردن، لە ھەمان کاتدا ماوەیەکی زۆرمان لە پێشە بۆ کارکردن و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنمان ھەیە، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بھێنین، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک کورسی بەدەست بھێنین، لەگەڵ ئەوەی مووسڵ ھەزار کاندیدی ھەیە، شەڕێکی زۆر لەسەر کورسییەکان ھەیە، لایەنی بەھێز ھەیە، ھەر لایەنێک دەنگ و کورسی زیاتر بۆ خۆی ڕادەکێشێت، مووسڵیش عێراقێکی بچووکە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان تێدا دەژین، تەنانەت ھەندێک پێکھاتەی تێدایە کە لە ھیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق نین، لەوانە شەبەک، ئێزدی، کلدان و ئاشووری و سریانی، شیعە، کورد و سوننە، بێجگە لە پێکھاتەکان زۆر لایەنی سیاسی ھەیە، ئەو لایەنانە ڕکابەری یەکدی دەکەن، بۆ بەدەستھێنانی کورسی، سێ کورسی کۆتا ھەیە، زۆر لایەن دەچن بۆ ئەو کۆتایانە، بۆ نموونە تەنیا بۆ کۆتایی ئێزدی، ھەشت لایەنی سیاسی شەڕی ئەو کورسییە دەکەن، جا ھەموو لایەنێک ھەوڵدەدات کورسی زیاتر بەدەست بھێنێت.
سەبارەت بەوەی وەکو پارتی کاندیدەکانی لەسەر چ بنەمایەکی دەست نیشان کردووە؟ بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، دەڵێت: کاندیدەکانی ئێمە لەسەر بنەمای بڕوانامە و لێھاتوویی و شارەزایی و دڵسۆزی و بوونیان لەناو خەڵک و ئەزموونی باش دیاری کراون، بۆیە ئەمانە پێوەرن بۆ کاندیدبوون و ھەوڵمان داوە بنەمای باش بن بۆ کاندیدکردنیان، ئەو کاندیدانە لە ھەموو چین و توێژ و پێکھاتە و نەتەوەکان پێکدێن بەھۆی ئەوەی پارێزگاکە لە چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس پێکدێت و گەورەیە، کاندیدەکانیشمان ٩٥%ی کوردن و لە ھەموو ئایین و نەتەوەکانی تێدایە، وەکو کورد و سوننە و شیعە و ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکەش، لەگەڵ ئەوەی جگە لە مەرجە یاساکانی کۆمیسیۆن، کۆمەڵێک مەرجی دیکەمان ھەیە، ئەوەی پێمان کراوە بەپێی توانا ئەو کەسانەمان دەستنیشانکردووە کە دەنگ دێنن.
ھۆکاری دووبارە کاندید کردنەوەی ھەندێک کەس، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، ئاشکرای کرد: ئەگەر کاندیدێک ئێستا پەرلەمانتار بێت لە بەغدا پێگە و دەنگی ھەبێت بۆ کاندید نەکرێتەوە، ھەموو لایەنێکیش وا دەکات، لەگەڵ ئەوەش ئەوانە بە ئەزموون و چالاکن و پەرلەمانتاری دیارن لە شنگال و مەخموور و زوممار و دەشتی نەینەوا و سەنتەری مووسڵ و شوێنەکانی دیکە، ئافرەتیش کۆتایە، لە سێ کەس دەبێت کەسێک ئافرەت بێت، بەپێی ڕێژەی دیاریکراو کاندیدی ئافرەت لەنێو لیستی پارتیدا ھەیە و کەسایەتی و کادیری بەھێز و دڵسۆزی سنووری مووسڵ ئەمجارە کاندیدی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانن، بۆیە ڕەچاوی ئەوەمان کردووە و ١٧ ئافرەت لە کۆی ٦٢ کاندیدمان لە سنووری پارێزگای مووسڵ ھەنە.
سەبارەت بەوەی ھەوڵتان نەداوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کاری بە یەکەوەیی بکەن، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، گوتی: لە ئێستادا زەحمەتە وەکو ساڵانی پێشوو نییە لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٠ و ٢٠١٣، ئەو کات جۆرە ھەماھەنگییەک ھەبوو لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەش نەک تەنیا لە مووسڵ، بەڵکو لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمجارە ئەو ھەماھەنگییە نییە، وەکو لیستی پارتی دەچینە ھەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر یەکدەنگی ھەبێت شتێکی باشە، پارتی ھەموو کات لەگەڵ یەکڕیزی بووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠، ھەوڵیشمان داوە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی بە یەک لیست لەو ناوچانە بەشداری ھەڵبژاردن بکەین، بەڵام ڕێککەوتن نەبووە.

