دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە کەنەدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری ڕێکخراوی UNDPی کرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، هەوڵ و کارەکانی ڕێکخراوی ناوبراوی بەرز نرخاند و دەستخۆشی لە هامەهانگی و هاوبەشی لەگەڵ پارێزگای هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری ڕێکخراوی UNDP، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد و پاڵپشتی و هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی بەڕێزیانی بۆ ڕێکخراوەکەیان بەرز نرخاند.
دواتر لە کۆبونەوەیەکدا، بە ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و شوكریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری و دلشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر و ناز جەلال، بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگا، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی هاوبەشی فەرمانگە پەوەندیدارەکان، لە ڕێگەی داتاشۆوە ڕاپۆرتی ئامادەکراو بە نەخشە و دیزاین و وردەکاری زۆنەکانی پڕۆژەکە، کە پێکهاتووە لە 8 زۆن و پڕۆژەیەکی گرنگی و ستراتیژیە بۆ شاری هەولێر و لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا بڕیاری لێدراوە، خرایە ڕوو.
هەردوولا بۆ بەدواداچوون و بەرچاووڕوونی زیاتر و داڕشتنی پلان و کارکردنی هاوبەش بۆ دەستپێکردن و کارکردن لە یەکێک لە زۆنەکانی پڕۆژەکە بڕیاریاندا، لیژنەی ناوبراو فراونتر بکرێت و دیراسەی زیاتر بۆ بوودجە و تێچووی ئەو بەشەی پڕۆژەکە بکات، کە بڕیاری جێبەجێکردنی لێدەدرێت لەلایەن ڕێکخراوی ناوبراو.
بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری ڕێکخراوی UNDP، ئامادەیی ڕیکخراوەکەیان بۆ جێبەجێکردنی زۆنێک لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر دووپاتکردەوە.
لە بەرامبەریشدا پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە هامەهانگی و هاوبەشی ڕێکخراوی ناوبراو لەگەڵ پارێزگای هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە هاوبەشیکردنیان لەگەڵ پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە زۆنەکانی پڕۆژەکە، لەوبارەیەشەوە هەموو پاڵپشتی و هاوکاری و هەماهەنگییەکی نیشاندا.
جێگەی باسە، پشتێنەی سەوزاییی هەولێر، پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگی هەولێری پایتەختە و بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری، پانی پشتێنەکە 2 کیلۆمەترە، لەگەڵ دروستکردنی زیاتر لە 10 پۆند، بڕیارە لەو پرۆژەیەدا داری زەیتوون و فستق بچێنرێن، ئامانج لە پرۆژەکە جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە و بەرگرتن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پرۆژەی ناکشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکارنهیهت.

