ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
تەوەری ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشكەساڵی ٢٠٢٥ بریتییە لە “گەڕاندنەوەی زەوی. ئازادكردنی دەرفەتەكان”.
ئەم تەوەرە جەخت لەسەر گرنگی گەڕاندنەوەی زەوییە تێكچووەكان دەكاتەوە وەك ڕێگایەك بۆ بەردەوامی و ئاشتی و گەشەپێدانی گشتگیر، جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی زەوییە تەندروستەكان دەكاتەوە لە دڵنیایی لە ئاسایشی خۆراك و ئاو و ڕەخساندنی هەلی كار. هەروەها ئامانجیەتی تیشك بخاتە سەر ئەوەی كە چۆن نۆژەنكردنەوەی زەوی دەتوانێت دەرفەتی ئابووری دروست بكات و خۆڕاگری بەرامبەر گۆڕانی كەشوهەوا بەرز بكاتەوە.
_ زەوییەكان و وشكەساڵیی: بۆ ساڵی 2035 وا خەمڵێنراوە 1.8ملیار كەس بە هۆی كەمئاوییەوە بناڵێنن و، سێیەكی جیهانیش لە زۆربەكارهێنانی ئاو، تێیبپەڕێنن.
_ زەوی و ئاسایشی مرۆیی: بە پێنانە ناو ساڵی 2045 ەوە، نزیكەی 135 ملیۆن كەس كۆچ و ڕەو دەكەن.
_ زەوی و ژینگە: گێڕانەوەی خاكی سیستمی ژینگەیی داهێزراو، دەتوانێت ساڵانە نزیكەی 3ملیار تۆن لە كاربۆن خەزن بكرێت. كە یەكسانە بە نزیكەی 25٪ بەكارهێنانی زەوییەكان.
٭ بەبیابانبوون و ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام:
پلانی ئەو كارە تا ساڵی 2030 بۆ ئەوەیە هەسارەكەمان لە داڕووخان بپارێزێت و، دەرامەتە سروشتییەكان جوان بەڕێوە ببرێن. هەروەك بۆ ئەوەی هەرچی زووە ڕێوشوێنی پێویست لە بەرانبەر گۆڕانكارییەكانی ژینگەییدا، بگیرێنە بەر.
بە بیابانبوون داهێزرانی زەوییە لەناوچە چۆڵ و بیابانەكاندا، یان لەو ناوچانەی تەڕ و نیمچەتەڕن.
ـ بەبیابانبوون..
بەبیابانبوون، واتە گۆڕانی زەوی جێی ژیانو كشتوكاڵ بۆ دۆخی وشكو بیابان كە زیانێكی گەورە لە سامانی سروشتی دەداتو دەبێتە دابەزینی ئاستی بەرهەمی زەوی.
ـ گرنگترین زیانەكانی بەبیابانبوون.
_ بێبەرهەمداکەوتنی زەوی: بەجۆرێك زەوی ماددە خۆراكییەكانی لەدەست دەدات و خوێی لێ كەڵەكە دەبێت، ئەماش وا دەكات خۆڵەكەی بۆ كشتوكاڵ كەڵكی نەمێنێت و ئاوی بارانیش ناتوانێ ڕۆبچێتە نێویەوە.
_ زیانپێكەوتنی ڕووەكی سروشتی: بەبیابانبوون توانای زەوی بۆ ژیانی ڕووەك كەم دەكاتەوە، ڕەگی ڕووەكەكان ئاوی كۆگاكراویان لەدەست دەدەن و ئەمەش وا دەكات توانای مانەوەیان لە ژیان لەدەست بدەن.
_ خۆخواردنەوەی خاك و ڕاماڵینی: كەمبوونەوەی ڕووەكی سروشتی دەبێتە هۆی ڕاماڵرانی خاك لە شوێنی خۆی، خۆخواردنەوەی خاكیش كۆتا هەنگاوی داتەپینی بەردەوامی خۆڵە.
_ ڕوودانی كارەساتی سروشتی: لە دۆخی بەبیابانبووندا زەوی زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە ڕووبەڕووی لافاو و گێژەڵووكە و پیسداگەڕان دەبێتەوە.
_ پیسداگەڕانی ئاو: هەندێكجار بەهۆی خۆڵبارینو میكرۆبی نێو هەواوە سەرچاوەكانی ئاو پیس دەبن، هەروەك چۆن ڕووەك ڕۆڵێكی سەرەكی لە پاكبوونی سەرچاوەكانی ئاودا دەبینێ، كەواتە بەبێ ڕووەك، ئاویش پیس دادەگەڕێت.
_ برسێتی و هەژاری: بە هۆی وشكەساڵی و لەدەستدانی خاكی بەبەرهەم، دانیشتووان هەژار و هەروەها ئاژەڵەكانیش لاواز و برسی دەکەون و زۆرێكیان لەنێو دەچن.
_ كۆچی بەكۆمەڵ: بەدرێژای مێژوو، بەبیابانبوون جووڵێنەری سەرەكیی كۆچی مرۆڤەكان بووە.
_ مەترسیی لەبەینچوون: زۆرێك لەو بوونەوەرانەی لە زەوی بەپیت و بەبەرهەمدا دەژین بەهۆی بەبیابانبوون و گۆڕانی سیستمی ژینگەییەوە لەبەین دەچن.
_ نەخۆشییە گواستراوەكان: بەهۆی كۆچی دانیشتووان و تێكەڵبوونی زیاتری خەڵكەوە كە یەكێكە لە دەرهاویشتەكانی بەبیابانبوون، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و هەروەها نەخۆشییە گواستراوەكانی دیكەش بڵاو دەبنەوە.
هۆكارەكانی بەبیابانبوون..
دوای زانینی زیانەكانی بەبیابانبوون، پێویستە هۆكارەكانی دروستبوونیشی بزانین، بەشێوەیەكی گشتی زیاتر بەهۆی ئەم هۆكارانەوە دیاردەی بەبیابانبوون دروست دەبێت:
ـ زیادەڕەوی لە لەوەڕاندن، لەدەستدانی ڕووەكی سروشتی، لەناوبردنی دارستانەكان
ـ چڕیی دانیشتووان لە ناوچەیەكی، دیارییكراوی زەویدا، گۆڕانی كەشوهەوا، برسێتی و هەژاری و ناسەقامگیری سیاسی، وشكەساڵی
هۆكاری سەرەكیی ئەو دیاردەیەیش، بریتییەلە چالاكییەكانی مرۆیی و بارگۆڕانەكانی ژینگەیی.
بەبیابانبوون چییە: بەبیابانبوون بۆیە ڕوو دەدات، چونكی سیستمی ژینگەیی زەوییە وشكەكان، كە زۆرتر لە سێیەكی جیهانی گرتووەتەوە، بەرەوڕووی خراپ بەكارهێنان و زۆر بەكارهێنان و بەكارهێنانی نەگونجاو، بووەتەوە. هەروەك دەگونجێت هەژاریی، ناسەقامگیریی سیاسی، لابردنی دارە بڕاوەكان، ئاژەڵداریی زۆر و خراپ ئاودان، ببنە هۆكاری ئەو دۆخە.
مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە توێژینەوەیەكدا باسی لە هەرێمی كوردستان و بەبیابانبوون كردووە، ئەو ئاماژەی بەوە داوە كە بە داخەوە ماوەی چەند ساڵێكە لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی گەرمیان و بەشێك لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاردەی بەبیابانبوون هەیە، وێڕای ئاگاداركردنەوەی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار و بەستنی كۆڕ و سمینار لەو ناوچانە، ئەو مەترسییە ساڵانە ڕوو لە زیادبوون و فراوانبوون بكات.
عێراق و مەترسیی بە بیابانبوون
عێراق ڕووبەڕووی كێشەی بیابانبوونێكی پەرەسەندوو بووەتەوە، خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە 27ملیۆن دۆنم زەویەكەی بە بیابانبوون و 55%یش مەترسی بە بیابانبوونیان لەسەرە.
ساڵانە بەهۆی بیابانبوون و گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵییەوە وڵاتەكە نزیكەی 100هەزار دۆنم لەدەست دەدات.
ئامارە سەرەكییەكانی پەیوەست بە بیابانبوون لە عێراق:
ڕووبەری زەوییە بیابانییەكان: 27ملیۆن دۆنم.
ڕووبەری زەوییە مەترسیدارەكان بەهۆی بیابانبوون: 55%ـی ڕووبەری عێراق.
زیانی ساڵانەی زەوی كشتوكاڵی: 100هەزار دۆنم.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێژەی زەوییە تێكچووەكانی كۆی ڕووبەری عێراق: 67.88% لە ساڵی 2020دا.
زۆرترین زیانلێكەوتووی پارێزگاكان: زیقار، بە ڕێژەی 53% زیانەكان، لەكاتێكدا لە پارێزگاكانی تردا ڕێژەی زیانەكانی لە نێوان 1_ 14%دایە، بەپێی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ.
ڕێژەی زەوی بیابانەكان: 48% ڕووبەری عێراقە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق.
ڕێژەی سەدی زەوییە شاخاوییەكان: 5%ـی ڕووبەری عێراقە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق.

