رۆژنامەی ھەولێر

لە سیمینارێكدا تیشك دەخرێتە سەر گەورەییی پێشمەرگە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

نوێنەری كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، بەشداری كۆڕێكی تایبەتی لەسەر داهاتووی ناتۆ كرد و تێیدا باسی لە تواناكانی پێشمەرگەی كوردستان دژ بە تیرۆر كرد.

لە وڵاتی ئەمریكا مستەر كورد، نوێنەری كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، بەشداریی كۆڕێكی كرد كە لێكۆڵەران، دیپلۆمات، خوێندكارانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و مامۆستایانی زانكۆ تێیدا بەشدار بوون و داهاتووی ناتۆی تێیدا تاوتوێ كرا.
جولیان سمیس، نوێنەری پێشووی ئەمریكا لە ناتۆ و ڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوە و جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، دید و ڕوانگەكانی خۆی دەربارەی ناتۆ و داهاتووی ئەو دامەزراوە چەكدارییە لە سەردەمی ترەمپدا خستە ڕوو.
لە لایەكی دیكەوە، كۆڕگێڕ باسی ڕۆڵی ناتۆی لە پشتیوانی ئۆكراینا دژی ڕووسیا كرد.
جولیان، پێی وایە كە ناتۆ لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی ترەمپدا ڕووبەڕووی كێشە و ئاستەنگ دەبێتەوە.
رەحیم رەشیدی، بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەكانی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی،بە هەولێری گوت لە كۆڕەكەدا باسم لە پێویستی و گرنگیی بەهێزهێشتنەوەی ناتۆ كرد و لە ناوەرۆكی قسەكانم باسم لە گەورەییی پیشمەرگە و پەیوەندییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و شەڕی تیرۆر و تێكشكاندنی داعش كرد.
مستەر كورد، نوێنەری كۆنفیدراسیۆن، لە پەراوێزی كۆڕەكەشدا لەگەڵ بەشێك لە ئامادەبووان ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەربارەی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.