بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەپێشە، پێویستە لایەنە کوردییەکانی کەرکووک ئاگایان لەیەک بێت و هەوڵی یەکڕیزیی بدەن.
سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە لایەنەکان، کوردەکانی کەرکووک هان بدەن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی زۆرترین ڕێژەی دەنگ بەدەست بهێنن، گوتیشی: لەگەڵ یەکڕیزیداین و گرنگە کارێک بکەین پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووکیش دەنگ بە کورد بدەن.
لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی دوێنێ شەوی شاری کەرکووکیش، هیوا ئەحمەد مستەفا گوتی: سەرکۆنەی هێرشە دەکەین و پێشمان وایە پێشهاتێکی مەترسیدار نییە، دەخوازین ئەو کەس و لایەنانەی ئەنجامدەری هێرشەکەن، بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.

