رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێم پلانێکی زۆر باشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەم ئاوی داناوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئاو گۆڕانی کەش و ھەوایە، ھەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبووە لەو گۆڕانکاریانە، حکوومەتی ھەرێم چەند لیژنەیەکی بۆ بەرنگاربوونەوەی وشکە ساڵی پێکھێناوە. بەرپرسانی ئاو، دەڵێن، بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و زۆربوونی ژمارەی بیرەکان لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا گۆڕانی کەشوھەوا کێشەی کەم ئاوی دروست بووە. بەگوتەی شارەزایانی ئاو، ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق سیستەمێکی حوکمڕانیی بەھێزتر، ژێرخانێکی پێشکەوتووتر و ستانداردێکی بەرزتری ژیانی ھەیە، کوردستان ھەموو کات ئاسایشی ئاوی وەکو ئەولەویەت سەیر کردووە.

لە ھەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و سەد ھەزار مەتر سێجا ئاو بەرھەم دەھێندرێت
سامانی ئاو لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و سەد ھەزار مەتر سێجا ئاو بەرھەمدەھێندرێت، یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بووە، لە ئێستادا بەنداو و پۆندێکی زۆر دروستکراون، بەشێکیان کارکردن تێیاندا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، کە لە ھەرێمی کوردستان ٢١ بەنداو و زیاتر لە ١٢٠ پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو ھەن، حکوومەتی ھەرێم ستراتیژیەتی زیادکردنی ئەو ژمارەیەی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەیرانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی داڕشتووە و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، جگە لە پاراستنی سەرمایە، کۆکردنەوەیەتی بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، پاڵپشتیکردنی جووتیاران، ڕەخساندنی ھەلی کار، زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی ھاووڵاتییان لە لافاو.
حکوومەتی ھەرێم ئاسایشی ئاوی وەکو ئەولەویەت سەیر کردووە
حکوومەتی ھەرێم بە ناچاری ھەندێک ھەنگاوی زووکردەیی ئەنجام دا بە مەبەستی ڕەواندنەوەی کەم ئاوی لە نێو ھاووڵاتییان وەک بیرلێدان و گواستنەوەی ئاوی ئیفراز و زیادکردنی ژمارەی ئاوە ئیفرازییەکان، بەڵام ئەم پڕۆژانە ھەم ناچاری بوون و ھەمیش کاتی، چونکە ھەر لەم کابینەیەدا ڕێژەی بیرلێدان ٩٠% کەمی کردووە، ئەویش لە ڕێگەی ئەو ڕێنماییانەی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمەوە دەرکراون بە مەبەستی پاراستنی زیاتری ئاوی ژێر زەوی. بەگوتەی شارەزایانی ئاو، ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق سیستەمێکی حوکمڕانیی بەھێزتر، ژێرخانێکی پێشکەوتووتر و ستانداردێکی بەرزتری ژیانی ھەیە، کوردستان ھەموو کات ئاسایشی ئاوی وەکو ئەولەویەت سەیر کردووە. بەوتەی بەپرسانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، یەدەگی ساڵانەی ھەرێم زیاتر لە چوار ملیار مەتر سێجا دەخەمڵێندرێت، ئەوەش بەراورد بە ٢٠ ساڵی ڕابردوو کەمبووەتەوە، بەپێی ئامارەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاوی ژێر زەوی لە ھەرێمی کوردستان، بە بڕی چوار بۆ پێنج ملیار مەتر سێجا مەزەندە کراوە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی بەھۆی کەمبوونەوەی باران و بەفر و کەمی گلدانەوەی ئاو ئەو ڕێژەیە کەبووەتەوە.
مەترسیی وشکەساڵی
لە پارێزگای ھەولێر چوار پڕۆژەی ئاو ھەن، کە بریتین لە سێ پڕۆژەی ئیفراز و پڕۆژەی قەندیل، ھەروەھا زیاتر لە ھەزار بیری دیکەی ئاو، ئەو پڕۆژانە ئاو بۆ سنووری ١٧ شارەوانی لە ھەولێر و دەوروبەری، شەقڵاوە و پیرمام دابین دەکەن. ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٦٠ ھەزار ھاوبەشی ئاو ھەن، کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئەولەویەتی کارەکانی سێکتەری ئاو بووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی گەرما خواست لەسەر بەکارھێنانی ئاو زیاد دەبێت، ٥٠% دابینکردنی ئاو لەڕێگەی بیرەکانە، ٥٠%ـیش لەڕێگەی پڕۆژەکانە، ئەمساڵ باران کەم باری، ئەوەش وای کرد بەشێکی زۆر لە سەرچاوەکانی ئاو و کانیاوەکان وشک ببن، ھەندێک پڕۆژەی ستراتیژی ئاو ھەن، ئاوی ئەو پڕۆژانەش کەم بووەتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێن وشکەساڵی کاریگەری خراپی لەسەر ئاو ھەبووە، ھەر چەندە ھەوڵمان داوە لەڕێگەی پرۆسەی تانکەرین لەو شوێنانەی کێشەی ئاو ھەیە کێشەکە چارە بکەین، بەڵام ئەو کەمیە ئاوە و کەمی باران بارین کاریگەری زۆر خراپی ھەبووە.
چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی ئاو لە قۆناغی کۆتاییدان
ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، دەشڵێ: ھەوڵمان داوە ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، وەکو پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، گوپتەبە- چەمچەمال، پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی بارزان، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی ھەولێر ئەوانە زیاتر گرنگی پێ بدەین، بۆ ئەوەی زۆر دەستکاری ئاوی ژێر زەوی نەکەین، کە ھەندێک لەو پڕۆژانە ئەمساڵ تەواو دەبن، ئەوانی دیکەش لە سەرەتای ساڵی نوێ تەواو دەبن و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییان، ئەوەش وا دەکات لەو شوێنانەی کێشەی ئاو ھەیە نەمێنێت، ئەوەی دیکەش ھەوڵمان داوە لەو شوێنانەی کێشەی ئاو ھەیە لەڕێگەی پرۆسەی تانکەرین ئاو دابین بکەین، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە نەمێنێت.
پلانێکی باش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی دانراوە
کەمبوون و نەمانی ئاو لە سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکان کاریگەری نەرێنی بەجێھێشتووە، کاریگەرییەکە بەڕوونی لەسەر ئاستی ئاوی ڕووبارەکان دەرکەوتووە ژمارەیەک تاڤگە لە سرووشتەوە کراونەتە دەستکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرنگاربوونەوەی وشکەساڵی، پلانی باشیان داناوە بۆ ڕووبەڕوونەوەی وشکەساڵی. بەگوتەی دانعەمرەکان لە بیریان نەبووە ھیچ کاتێک وەکو ئەمساڵ ئاستی ئاوی ھەندێک ڕووبار و کانیاوەکان بەو شێوەیە داببەزێت یان ھەر نەمێنێت، تا بەرەو گەرمای زیاتر بچین ئاستی ئاوی ڕووبار و سەرچاوەکان کەمتر دەبنەوە، ئاماری بەرێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاوییەکان دەری دەخات لە ١٠ سەرچاوەی ئاو ٤ سەرچاوە وشک بوونە، بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم دۆخە حکوومەت چەندین لیژنەی پێکھێناوە و ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەن پێش بگرن لە زیانی زۆر، چونکە کاریگەری ھەبووە لەسەر ئاوی خواردنەوە، ژینگە و کشتوکاڵ.
گرفتی پڕۆژە گەشتیارییەکان
بە دەیان پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ڕووبارەکان دروست کراون، بەڵام بەھۆی کەم بوونەوەی ئاو و وشک بوونی سەرچاوە ئاوییەکان شوێنە گەشتیارییەکان بێ ئاوی بێ بازاڕی کردوونە و خاوەنەکانیان دەستبەردار بوونە. وەکو خاوەنی بەشێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: ئەمساڵ ئەوەی ھەمان بووە لەو پڕۆژە گەشتیاریانە سەرفمان کردووە، بەڵام بەداخەوە لەبەر کەمی باران بارین و وشکە ساڵی پڕۆژەکانمان بێ ئاو ماونەتەوە ئەوەش وای کردووە یەک گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئێمە نەکات.