رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە نیوەی حوکمدراوانی ماددەی هۆشبەر لە کوردستان بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوون

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپێی ئامارێکی نوێ هەزار و پێنجسەد و شەست و چوار کەس لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی بەکارهێنان یان قاچاخیی مادەی هۆشبەر حوکم دراون کە نۆسەد کەسیان بازرگانن و دەیسەلمێنێت پەنجا و حەوت لەسەدی حوکمدراوان بازرگانن کە لە پێناو سوود و پڕکردنی گیرفانیان ویستوویانە شیرازەی کۆمەڵگەکان بشێوێنن.

لە ماوەی لانی کەم دوو دەیەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ دیاردە و ڕۆژ نییە لە شارێک یان شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق قاچاخچییەکی ماددەی هۆشبەر نەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا و دادگا نەکرێتەوە و دەست بەسەر برێک ماددەی هۆشبەردا نەگیرێت کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە حوکم دراون زۆر بەخێرایی زیادی کردووە و لە گرتووخانەکان پشکی شێریان پێ دەبرێت.
دوێنێ دووشەممە نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بەهاوکاریی ڕێکخراوی فاو، دیداری هەولێری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ڕێکخست و لە چوارچێوەی دیدارەکەدا و لە میانەی قسەکانی دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵێک ئاماری گرنگ ڕاگەیەنرا کە مایەی سەرنجن.
بەپێی ئامارەکە هەزار و پێنجسەد و شەست و چوار کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەتاوانی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، نۆسەد بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون و حوکم دراون. زێباری باسی لەوە کرد کە حکوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە ئامێری پشکنینی بۆ ماددەی هۆشبەر لە سنوور و فڕۆکەخانەکان دابین کردووە.
وەک زیاتر خستیە ڕوو زۆربەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون، خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، هەرچەندە خەڵکی هەرێمی کوردستانیشیان تێدایە، هەر ئێستا چوار هەزار کەس دەستگیرکراو و سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراون بۆ لێکۆڵینەوە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە هەرێمی کوردستان و عێراق سنوورێکی بەرفراوانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە و ئەو وڵاتە بە یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی بەقاچاخ بردنی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی تری جیهان دادەنرێت چونکە دراوسێی ئەفغانستانە کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی ماددەکەیە. بەدەر لە درێژیی سنوورەکان، ئەو دیاردە مەترسیدارە کاتێک زیاتر پەرەی سەند کە پارێزگاکانی عێراق زیاتر لە دە ساڵە بوونەتە مەیدانی چالاکیی میلیشیاکان و گرووپە نایاساییەکان کە بەو جۆرە بازرگانیکردنە پێگەی دارایی خۆیان بەهێز دەکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی عێراق تەنیا لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا لە عێراق سێ هەزار و شەش تۆمەتبار گیراون و لەو ژمارەیە نۆسەد و حەفتا و سێ کەسیان سزا دراون و دەست بەسەر دوو هەزار و سەد و شەست و شەش کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە. ئامارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە عێراق بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستی بەسەردا گیراوە بۆ نزیکەی چوار هێندە زیادی کردووە، چونکە قەبارەی ئەو ماددە هۆشبەرەی لە چارەگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەستی بەسەردا گیرابوو، بریتی بوو لە شەشسەد و سێ کیلۆگرام. ساڵی ڕابردووش لە عێراق شەش تۆن و سەد و هەشتا و سێ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرابوو و سەرووی چواردە هەزار کەسیش بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیرابوون کە ئامارێکی مەترسیدارە.
هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە بە جیددی ڕووبەڕووی قاچاخچییانی ماددەی هۆشبەر بووەتەوە، لە هەمان کاتدا لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەروونیش لە هەوڵی بنبڕکردنی و پەرەپێدانی هۆشیاریدایە.
کۆتایی ساڵی ڕابردوو بەردی بناغەی سەنتەرێکی شارستانیی تایبەت بە هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەر لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داندرا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراویی LDS ئەمەریکییەوە بنیات دەنرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هیچ چارەیەکیان نییە جگە لەوەی کە بۆ بەرنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر هاوکارییەکانیان پەرە پێ بدەن و بەیەکەوە قۆڵی هیممەت دژی ئەو ماددە مەترسیدارە هەڵماڵن.