رۆژنامەی ھەولێر

حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش: ٣٥٧٤ کوردی ئێزدی لەژێر دەستی داعش ڕزگار کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا ئێستا ٣٥٧٤ کوردی ئێزدی ڕزگار کراون و ٢٨٤٣ کچ و ژنی دیکەش ماون ڕزگار بکرێن. بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، دەڵێت: لەو دوو ڕۆژەدا مزگینی دەدەینە خەڵکی خۆمان و چەند کەسێکی دیکە ڕزگار دەکەین. دەشڵێ: سەرۆکی ھەرێم ڕایسپاردووین تا یەک کەس مابێت بەردەوام بین لە ڕزگارکردنیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە کەمپی ھۆڵ لە سووریا ماون.

ڕێکخراوی داعش لە ئابی ٢٠١٤، ھێرشی کردە سەر شنگال و ھەزاران ئێزدی لە ھەردوو ڕەگەز جینۆساید و زیندە بەچاڵکرد و بەشێکیشیانی بۆ سووریا بردن، ئەو کەسانەی لە دەستی داعش ڕزگار بوونە، خۆشحاڵن و سوپاسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش و حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوام کاریان کردووە بۆ ڕزگارکردنی ئەوان.
پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ٣ی ئابی ھەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا دەکات، حکوومەتی عێراق چارەنووسی ونبووان یەکلابکاتەوە، کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکاتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنێتەوە.
نوسینگەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان دەکات، یارمەتیی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش بدەن بە پێدانی ھەر زانیارییەک لەسەر ڕفێندراوانی ئێزدی جا لە ھەر شوێنێک بن.
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان کۆی گشتیی ژمارەی ھاووڵاتیانی ئێزدی لە عێراق، ٥٥٠ ھەزار کەسن، ژمارەی ئاوارەبووەکان، ٣٦٠ ھەزار ھاووڵاتی دەبن، ژمارەی شەھیدەکان، ھەزار و ٢٩٣ شەھید و ژمارەی منداڵانی بێ باوک ھەزار و ٧٥٩ منداڵ و منداڵانی بێ دایک، ٤٠٧ منداڵ، منداڵانی بێ باوک و دایک ٣٥٩ منداڵ دەبن. ھەر بە گوێرەی ھەمان ئامار ژمارەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی تا ئێستا ھەڵدراونەتەوە، ٦٩ گۆڕی بە کۆمەڵ دەبن، سەرەڕای ھەڵدانەوەی دەیان گۆڕی تاکە کەسی، ژمارەی مەزارگە و نزرگە ئاینییە تەقێندراوەکان لە لایەن داعشەوە، ٦٨ مەزارگەنە و ژمارەی ئەو ھاووڵاتیانەی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، ٩٠ ھەزار ھاووڵاتی دەبن.
نێچیرڤان بارزانی، کە ئەو کات سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بوو لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ئەرکی خۆی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی کردەوە و دەست بە ڕزگارکردنی ئەو کەسانە کرا کە کەوتبوونە ژێر دەستی داعش. حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە کۆی ٦٤١٧ کەس کە کەوتبوونە دەست داعش، ٣٥٧٤ کەس تا ئێستا ڕزگار کراون، ٢٨٤٣ کەسیش لە دەست تیرۆریستانی داعشدا ماون، بەپێی ڕێنمایەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەتا یەک کەسی ئێزدی لە دەست داعش مابێت بەدواداچوون بەردەوام دەبێت بۆ ڕزگارکردنیان، نووسینگەی ڕزگاکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی لە ھەموو شوێنەکان بەدواداچوون دەکات، لە ھەر شوێنێک بزانێت کەسێک ماوە لە دەست داعش، یان لە شوێنێکی دیکەیە دەگەڕێنینەوە ناو کەسوکارەکەی.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، دەشڵێ: لەڕێگەی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ئێمە کار دەکەن زانیاریمان دەست خستووە کە ھەندێک ئێزدی لە سووریا و شوێنەکانی دیکە ماون، ھەوڵ دەدرێت بۆ ڕزگار کردنی ئەوان لەو دوو ڕۆژەدا مزگینی دەدەینە خەڵکی خۆمان و چەند کەسێکی دیکە ڕزگار دەکەین، بەتایبەتی لە کەمپی ھۆڵ بۆیە کاری ئێمە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تا یەک کەس مابێت، داواش دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر لەسەر ئەو بابەتە کار بکەن، بۆ ئەوەی ئەو کچ و ژنانەی کە لە دەستی تیرۆریستانی داعش ماون ڕزگار بکرێن.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکاری ئێمەی نەکردووە و خۆی لەو بابەتە نەکردووەتە خاوەن، ئەمە لە کاتێکدایە پێویست بوو حکوومەتی ناوەند ھەموو ھەوڵێکی دابایە بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، بەڵام کوردانی ئێزدی بە خەڵکی خۆی نازانێت، ھەر لەبەر ئەوە ھاوکاری ئێمە ناکات بۆ ڕزگارکردنی ئەوان.