رۆژنامەی ھەولێر

ئەمساڵ ٩ کەس لە کوێستانەکانی ئیدارەی سۆران بەر مین و تەقەمەنی کەوتوونە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

جارێکی دیکە لە کوێستانەکانی سەرووکە لە سنووری قەزای سیدەکان گەنجێک لە کاتی شوانی، مین پێیدا دەتەقێتەوە و گیانی لەدەست دا. ڕووداوەکە ٣ ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویداوە و بەگوتەی بەرپرسانی ناوچەکە ئەوە نۆیەمین حاڵەتە ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سۆران ڕوودەدات.
ئەو گەنجەی بەرمین کەوتووە ناوی عوسمان سەدیق تەمەن ٢٣ ساڵان بووە و دوو مانگ لەمەوبەر ژنی مارە بڕیووە و بە نیاز بووە لە ڕۆژانی داھاتوودا ئاھەنگی گواستنەوە ئەنجام بدات.
ڕابەر ئەنوەر، وتەبێژی دەزگای مینی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەو گەنجە لە ناوچەی قەدەغەکراوی ئەمنی بووە و ئەم ناوچەیە ھێماکانی ئاگادارکردنەوەی مینی لێ بووە و ناوچەکە قەدەغەیە بۆسەردانیکردن، ھاووڵاتییان و دانیشتووانی دەڤەرەکەش ئاگادار کراونەتەوە کە سەردانی ئەو ناوچەیە نەکەن.
دەشڵێ: ئەمساڵ لە کوێستانەکانی سنووری ئیدارەی سۆران ٩ کەس بەر مین و تەقەمەنی کەوتوونە، لەوانە ٥ کەس گیانیان لە دەستداوە، ٤ کەسی دیکەش بریندار بوونە.