رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەهێزکردنی پێگەیان 100 ئەفسەر و کارمەندی ئافرەت ڕادەهێنێت

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی (ETTC)، خولی “خانمان لە سەرکردایەتیدا”ـی بۆ 100 ئەفسەر و کارمەندی ئافرەتی وەزارەتەکە کردەوە.

وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025 لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: پڕۆژەکە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئامانج لێی پەرەپێدانی توانای سەرکردایەتی و پیشەیی ئەو خانمانەیە کە لە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆدا خزمەتی هاووڵاتییان دەکەن، تا بتوانن ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بگێڕن.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردووەتەوە: ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدانی زیاتر بە پێگە و رۆڵی ئافرەتان لە کەرتی گشتیدا و حکوومەت هەوڵ دەدات لە رێگەی پڕچەککردنیان بە زانست و میتۆدە نوێیەکانی سەرکردایەتیکردن، بەشداریی کارایان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان مسۆگەر بکات.