سلێمان تاشان – ههولێر
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات بەشێکە لە سیاسەتی برسیکردن و هەژار کردنی خەڵک و گۆڕینی سیمای کوردستان بۆ هەمان سیمای ژیان و خزمەتگوزاری لە پارێزگاکانی تری عێراق، بەغدا قبوڵی نییە ڕێژەی هەژاری لە هەولێر لەسەدا حەوت بێ لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی خۆی بگاتە لەسەدا چل.
دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی پرسی هەژاری لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کە ساڵی ڕابردوو بڵاو کرایەوە بۆ زۆرێک لە عێراقییەکان مایەی سەرنج و بۆ زۆربەی بەرپرسانی باڵای عێراق شۆکهێنەر و هەواڵێکی ناخۆش بوو.
رێژەی هەژاری بە یەکێک لە گرنگترین پێنوێنە ئابوورییەکان لە هەموو وڵات و کۆمەڵگەیەک هەژمار دەکرێت، بەرزیی ڕێژەی هەژاری هێمایە بۆ خراپیی ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاری و کولەمەرگی و کەمیی ئەو ڕێژەیەش نیشانەی سەقامگیریی ئابووری و گەشە و باشتربوونی ستانداردەکانی ژیانە.
لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ڕابردووی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە پشتی بە ئامار و داتای زۆر ورد و بێلایەن بەستبوو زۆرترین ڕێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی عێراق و کەمترین ڕێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوو. ئەمە بۆ ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان مایەی دڵخۆشی و بۆ ڕێبەرانی عێراق مایەی نیگەرانی بوو و پرسیاری ئەوە لە نێو میدیاکان ورووژێنرا کە چۆن دەکرێ هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە داهاتەکەی لەچاو عێراق زۆر سنووردارە و بەکۆمەڵێک قەیرانی دارایی و ئابووریدا تێپەڕیوە کەچی دۆخی ژیانی دانیشتووانەکەی لە هیی عێراق باشتر بێت.
بەشێک لە چالاکان و میدیاکانی عێراق بە توندی ڕەخنەیان لە بەرپرسانی عێراق گرت کە هیچ بایەخێکیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵک نەداوە و سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە سەرووی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و سەرەڕای ئەوەی کە داهاتێکی زۆری دەست دەکەوێت کەچی ژیانی خەڵکەکەی لەجیاتی ئەوەی باشتر بببێت، خراپتر دەبێت.
ئەوان ڕەخنەیان لە بەرپرسانی باڵای عێراق گرت کە نوقمی گەندەڵی بوون و بە ملیاران دۆلاری خەڵک دەدزن و بۆ وڵاتانی تری دەگوازنەوە و کەچی لە هەمان کاتدا ڕەخنە لە هەرێمی کوردستان دەگرن و بە گەندەڵی تۆمەتباری دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ڕێژەی هەژاری هەندێک پارێزگا زۆر بەرزە، بۆ نموونە لە موسەننا ڕێژەکەی دەگاتە لەسەدا چل کە یەکجار زۆر بەرزە و بەو واتایەیە نزیک بە نیوەی خەڵکەکەی هەژارن. ڕێژەی هەژاری لە بابل سی و شەش لەسەدا و لە قادسیە بیست و نۆ لەسەدا و لە بەسڕا کە دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراقە دەگاتە بیست و هەشت لەسەدا. لە پارێزگاکانی نەجەف، ئەنبار، کەربەلا و واست لە نێوان بیست تا بیست و پێنج لەسەدە و چارەگێکی خەڵکەکەی هەژارن.
کاتێک سەیری ئامارەکەی کوردستان دەکەی دۆخەکە زۆر جیاوازە و لە پارێزگای هەولێر ڕێژەی هەژاری لەسەدا حەوت ڕاگەیەنراوە کە بووە باشترین پارێزگای عێراق و لە دوای ئەویش سلێمانی دێت کە ڕێژەکەی لەسەدا هەشت بوو و ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لە چاو پارێزگاکانی عێراق زۆر باشترە.
لە پرسی دیاریکردنی پێنوێنی هەژاری ڕەچاوی زانیارییەکانی پێوەست بە تەندروستی، شوێنی نیشتەجێبوون، داهات و خۆراک و چەندین زانیاری تر دەکرێت.
خەڵکی هەرێمی کوردستان دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و لەوانەیە خەڵکێک ئەو پرسیارە بکات ئێستە خەڵکی کوردستان لە ڕووی داراییەوە لە دۆخێکی خراپدا دەژین و ئەوەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کاتێک سەرچاوەی سەرەکیی داهات و مووچەی خەڵک لەپڕ دەبڕدرێت و بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیان و بژێویی خەڵک دەبێت.
ئەو گومانە لە ئارادایە بەرپرسانی باڵای عێراق لەجیاتی ئەوەی ڕێژەی هەژاریی پارێزگاکانیان بە بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی هەلی کار و بەجووڵەخستنی بازاڕەکان بەرز بکەنەوە، هاتوون هەوڵی ئەوە دەدەن لەم ڕووەوە سیاسەتێک ڕەچاو بکەن کە لە پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بدەن و بیهێننە ئاستی عێراق.
عێراق تەنیا دەستی بۆ بڕینی مووچە نەبردووە بەڵکوو بەرانبەر کەرتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی، گومرگ، نەوت و سەرچاوەکانی تری ئابووری سیاسەتی زۆر خراپی جێبەجێ کردووە.

