ڕائیب جادر – هەولێر
وەک بەشێک لە ھەوڵەکان بۆ زامنکردنی داھاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستانیان، حکوومەتی ھەرێم لەڕێگەی “ھەژماری من”ـەوە دەستیکردووە بە پرۆسەی بە بانکیکردن بۆ بەدیھێنانی گشتگیری دارایی بۆ ھاووڵاتییان، تا ئێستا ٨٠٠ ھەزار فەرمانبەر بەشداربوونە لە پرۆسەکە، ئەم پڕۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمیەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادی زیاتری تاکەکەسی. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، دەڵێت: ڕێگەیەکی باشە نەک تەنیا بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵکو بۆ بووژانەوەی ئابووری و دروستکردنی ژێرخانێکی بەھێزی ئابووری و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی لە ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی فەرمانبەران دەبنە خاوەن کارتی بانکی، ئەو فەرمانبەرانەی لەڕێگەی ئەی تی ئێمەکانی ھەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، دەڵێن، ھەر کاتێک مووچە خرایە سەر ھەژمارەکەمان بە ویستی خۆمان کەی بمانەوێت دەتوانین مووچەکەمان وەربگرین بێ ئەوەی نۆرە بگرین، چونکە بەشێوەی ٢٤ کاتژمێری سیستەمەکە کراوەیە، ئەم فەرمانبەرانە پێش ئەوەی لەڕێگەی ھەژماری بانکییەوە مووچەکانیان وەربگرن، مانگانە دووچاری جەنجاڵی و نۆرەی وەرگرتنی مووچە دەبوونەوە، ئێستا بە ئومێدەوە دەڕواننە پڕۆژەکە و ھیوادارن ھەموو فەرمانبەرێک ببێتە خاوەن ھەژماری من، چونکە بەگوتەی خۆیان پڕۆژەیەکی زۆر باشە.
ڕۆژی چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، تیشکی خستە سەر پڕۆژەی ھەژماری من و گوتی: ئێمە لە سەرەتاوە دەستمان کردووە بە بابەتی ئەوەی کە بەغدا پێی دەڵێ تەوتین و ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێی دەڵێین ھەژماری من، ئەمە بۆ ئەوەیە کە ھەموو ھاووڵاتییەک بە تایبەتیی فەرمانبەران ببن بە خاوەنی ھەژماری بانکیی خۆیان، ئەوەی جیاوازە لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراقی ئەوەیە کە ھەژماری من پڕۆژەیەکە ھەموو مافە بانکییەکانی بۆ ھاووڵاتی دەستەبەر کردووە، کەواتە تەنیا ئەوە نییە کە بانک ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ پێدانی مووچە، واتە تەنیا ئامرازی گواستنەوە نییە تەنیا مووچە بدات، بەڵکو ھەموو ھاووڵاتییەکی ھەرێم کە بەشدارە لە پڕۆژەی ھەژماری من، سوودمەندە لە ھەموو خزمەتگوزارییەکی بانکی، ھەرچی خزمەتگوزاریی بانکییە دەتوانن تێیدا سوودمەند بن، ئەم پڕۆژەیە زۆر بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچێ، ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان داخیل کراون لە پڕۆژەی ھەژماری من، ھەولێر و دھۆک تەواو بووە، سلێمانی تۆزێک درەنگ دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچێ و ئومێدەوارین لە وەختێکی زۆر نزیکدا ئەویش تەواو ببێ، کەواتە بابەتی تەوتین لە ھەرێمی کوردستان لەمێژە دەستی پێکردووە و ئێمە بەردەوامین و پێمانوایە ئەمە ڕێگەیەکی باشە نەک تەنیا بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵکو بۆ بووژانەوەی ئابووری و دروستکردنی ژێرخانێکی بەھێزی ئابووری و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی لە ھەرێمی کوردستان، ھیوادارین ھەموو عێراقیش چاو لە ھەرێمی کوردستان بکات، ھەموو ئەو بانکانەش لەڕێگەی بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون، کەواتە ھیچ بانکێک کە ڕێگەپێدراو نەبێت، نەمانھێشتووە بێنە نێو پڕۆژەکەوە، ھەموو بانکەکان ڕێگەپێدراون و ئەو بانکانەن کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن.
ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی مانگانە لەڕێگەی ئامێرەکانی ئەی تی ئێم مووچە وەردەگرن لە زیادبووندایە، ئامانج لە پڕۆژەکە ھەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە ھەرێمی کوردستان.
بەھۆی ئەم دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و ھێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە ڕێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە ئەی تی ئێم کە زیاتر لە ھەزار بنکە لە تەواوی ھەرێمی کوردستان دادەنرێن، دەستیان بە مووچەکانیان دەگات، کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی، بەم کارە پارەدان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر، ھێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە و کارایی حکوومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات.
ھەروەھا کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکاو لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە، ھەروەھا لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان ھەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات.
لە ھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەشداریکردنی ھاووڵاتیان لە کەرتی بانکیدا و ھەنگاو بە ھەنگاو زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و خەرجی بەکاربەرانیش بەھۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت.
یەکێکی دیکە لە سوودە سەرەکییەکانی پڕۆژەی ھەژماری من، پشتبەستنی فەرمانبەران بە پارەی کاش کەمدەکاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی پارەدان بەشێوازی دیجیتاڵی بە سوود وەرگرتن لە کارتی بانکی و ئامێری ئەی تی ئێم کە ئامێرەکە تایبەتە بە گواستنەوەی پارە لە ھەژماری کڕیارەوە بۆ فرۆشیار، ھەروەھا لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان ھەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی.
زیرەک جیھاد، شارەزا لە بواری کارگێڕیی دارایی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم بەرپرسیارانە ھەنگاوی نا بەرەو بە سیستمکردنی بانکەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی بانکی نێودەوڵەتی و بانکی ناوەندیی عێراق، بە ئەنجامدانی پڕۆژەی ھەژماری من بۆ مووچەخۆران، بە بەشداری چەندین بانکی باوەڕپێکراو لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
ئەو شارەزایەی بواری کارگێڕیی دارایی، دەشڵێ: پڕۆژەی ھەژماری من چەندین گرنگی و سوودی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەوانە ئاڵوگۆڕکردنی پارە، حەواڵە بە کەمترین کات و تێچوو، کڕینی پێداویستییەکانی ڕۆژانە بەئاسانی لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی کارتی بانکی، وەبەرھێنان و بازرگانیکردن بە ھەماھەنگی لەگەڵ بانکە باوەڕپێکراوەکان، نەبوونی مەترسی سووتان، دزی، تەڕبوون، خۆپاراستن لە دراوی ساختە، سوودمەندبوونی مووچەخۆر لە ١٩ خزمەتگوزاریی بانکی، ئەمانە جیاوازی زۆر ڕوون و ئاشکران لەنێوان تەوتین و ھەژماری من.
ئاراس نەجات، شارەزا لە بواری ئابووری، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی حکوومییە و بۆ خزمەتی فەرمانبەران کراوە، وەزارەتی دارایی بەردەوام دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران، ھەر کەس و لایەنێک دژایەتی پڕۆژەکە بکات لە بەرانبەر سەرکەوتنەکەیەتی، ئەو ھەژمارە بۆ فەرمانبەرانە و بۆ بەمۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دروستکردنی متمانەیە لە نێوان بانک و ھاووڵاتییان ئەوەش گەشەپێدانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، ھەروەھا ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، کە بەپێی ماددەی ١٣ لە یاساکە ھەژمارێکی بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران دەکرێتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین و کاری دابەشکردنی مووچە بە دەست و پشێوی بانکەکان و گرفتی کەم و زۆری پارە دەبێت.
ئاشکراشی کرد: پڕۆژەی ھەژماری من، ھەموو ئەو پاکێجە داراییانەی کە لە جیھاندا ھەیە دەتوانن بە ماوەیەکی کەم پێشکەش بکەن، ھەروەھا پڕۆژەکە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەرانیش زیاتر سوودی لێ وەردەگرن، ئەو بانکانەش کە لەو پڕۆژەیەدا ھەن، ھەمووی لە بانکی ناوەندی تۆمار کراون و عێراقیش بەو پڕۆژەیە ڕازییە و ھیچ گرفتێکی نییە، ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە، شکست دەھێنن، لەبەر ئەوەی دیارە ئامانجی دژایەتیکردنی پڕۆژەکە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە.

