رۆژنامەی ھەولێر

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا گونجاو نابێت

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هۆشداری لەوەدا دۆخی هەستیاری ناوچەکە ڕێگە بە گردبوونەوە و خۆپێشاندان نادات، ئەمەش دوای ئەوەی فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی بڕیار بوو ڕۆژی ٥ شەممە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بکەن.

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند “پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی دەردەبڕین و باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاو دەگرین.”
دەشڵێن؛ بەهەموو لایەکی رایدەگەیەنین، دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێ پەڕدەبێت، گونجاو نابێت.”
لیژنەکە ئەوەشیان ڕاگەیاندووە؛ وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لە پرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو.”