ئەمڕۆ یازدەیەمین ڕۆژی شەڕی ئاسمانیی نێوان ئێران و ئیسرائیلە کە لە سێزدەی ئەم مانگە بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل دەستی پێ کرد. دوێنێ ئەمەریکا بۆ یەکەم جار بە پراکتیکی بەشداری لەو جەنگەدا کرد و فڕۆکەی پێشکەوتووی B2ی هەڵگری بۆمبی تایبەتیی لە دژی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکار هێنا و دوای ئەو ڕووداوە ئێران هەڕەشەی کرد کە بۆ بەرپەرچدانەوە هەموو بژاردەکانیان لەسەر مێزە.
یەکێک لەو بژاردە سەربازییانەی کە بەشێک لە بەرپرسانی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە باسیان کردووە و گوتوویانە ئەگەر ئەمەریکا بێتە ناو جەنگ ئەوە هانای بۆ دەبەن بریتییە لە داخستنی گەرووی هورمز لە سەر کەنداو کە بە ڕێڕەوێکی گرنگی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەوە بۆ جیهان هەژمار دەکرێت.
باس لەوە دەکرێ نزیکەی لەسەدا بیستی کۆی پێداویستییەکانی جیهان بە نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دابین دەکرێت و سەرچاوەکانی وزە قەبارەی ئەو نەوتە بە پازدە تا بیست و دوو ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنن. لەو گەرووە جگە لە نەوت، گاز و پێداویستی تری وزە دەگوازێتەوە و بە دەوازەی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی ژمارەیەک وڵات دادەنرێت.
گەرووەکە کەنداو بە دەریای عومان گرێ دەدات و لە تەسکترین شوێن بەرینیی گەرووەکە سی و نۆ کیلۆمەترە و لە باکورەوە لەگەڵ ئێران لە باشوور لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عومان هاوسنوورە و هەر جۆرە کێشەیەک بۆ ئەو گەرووە بێتە کایەوە ئەوا هاوسەنگیی وزە لە جیهان تێک دەدات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت کە سەرچاوە و مادەیەکی پێویستی وڵاتە پیشەسازییەکانە و دەتوانێت کاریگەریی زۆر نەرێنیی لەسەر ئابووریی جیهان هەبێت.
جگە لە ئێران وڵاتانی کوێت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرێن و عومان سوود لەو ڕێڕەوە ئاوییە وەردەگرن و بە دەروازەی سەرەکیی هەناردەکارییەکانیان بە تایبەتی لە بواری وزەدا هەژمار دەکرێت.
لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێران یەکێک لەو وڵاتانەی ڕاستەوخۆ کاریگەری وەردەگرێت و هەناردەی نەوتەکەی بە تەواوی دەوەستێت بریتییە لە عێراق کە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات و لەو کاتەشدا داهاتی نەوتەکەی بۆ سفر کەم دەبێتەوە.
حکوومەتی عێراق بەداخەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە جیاتی ئەوەی دەروازە بازرگانییەکان و ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتەکەی پەرە پێ بدات خۆی ڕۆڵی باڵای هەبووە لە داخستنی بەشێک لە ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوت.
تا ئاداری ٢٠٢٣ لە ڕێگای جەیحانەوە زیاتر لە پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرا کە بەشی زۆری ئەو نەوتە هیی هەرێمی کوردستان بوو و بەشێکی تری نەوتی کەرکووک بوو کە لە لایەن سۆمۆوە هەناردە دەکرا. دوای بڕیارێکی دادگای پاریس کە تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد بێ پرسی عێراق ڕێی بە هەناردەکردنی نەوت داوە، گواستنەوەی نەوتەکە وەستاوە.

