ئاری ئاغۆک
لەم ساڵانەی دوایی بابەتێکی گرنگی بواری پەروەردەو فێرکردن لە حالەتەوە خەریکە دەبێت بەدیاردە، ئەویش مامۆستا وقوتابی و وانەی تایبەتیی (خسوسی) یە، جاران لەقۆناغی( ١٢)ئامادەیی لە یەک یا دوو وانە، بەشێک لەو قوتابیانەی ئاستی تێگەیشتنیان کەمێک لاواز بوایە، ئەوا لەڕێگەی خولی هاوینەوە بەشداریان لەو بابەتانە دەکرد کە پێویستیانە، ئەمەش حالەتێکی ئاسایی بوو، نەک هەموو قوتابیەک بەڵکو بەشێکیان، بەڵام بەداخەوە لەم قۆناغ و لەم سەردەمە ئەم حالەتە بووە بەدیاردەو لەقۆناغی پۆلی( ١٢ ) نەک وانەیەک یا دوو وانە بگرە زیاترو تا دەگاتە هەر هەموو وانەو بابەتەکان، دەبێ قوتابی مامۆستای تایبەت (خسوسی) هەبێت، ئەمانیش بەچەند جۆرێکن و هەر یەکەیان بەنرخێک.
-ئەگەر لە پەیمانگەو سەنتەرێک بێت واتە گشتی بێت ئەوا نرخێکە.
-ئەگەر لە ماڵەوە بێت و سێ تا چوار قوتابی بەیەکەوە نرخێکە.
-ئەگەر تەنیا یەک قوتابیش بێت نرخێکە.
تا ئێرە ئەگەر لەفۆرمە گشتیەکەوە قسەی لەسەر بکەین ئەوا مامۆستا مافی خۆیەتی نرخەکانی وانە گوتنەوەی لەو ٣ بەشە جیاوازبێت، بەڵام لێرەدا سەرنجە گەورەکەو تێبینی و گلەییە گەورەکە لەوەوە دەست پێ دەکات، ئایا بۆ نرخی گوتنەوەی وانەی تایبەت لەلایەن مامۆستایانەوە وەک یەک نین؟
ئایا لەبنەرەت دا کێ ئەم نرخانەی دیاری کردوە؟
ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە مامۆستا وەک پەروەردەکارێک و فێرکارێک، مافی ماددی خۆی پێ بدرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت مامۆستاش ڕەچاوی دۆخی گشتی ماڵباتی قوتابی بکات، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونێک بۆ ئەم دیاردەیە بکات، نرخێکی گشتی و گونجاو لەبەرژەوەندی مامۆستاو قوتابی و ماڵبات دیاری بکات.
ئەو دیاردەیەی ئاماژەم پێکرد جگە لەو ماڵباتانەی قوتابی پۆلی( ١٢) یان هەیە، ئەوا وەک دیاردەیەکی دیکەش لە قۆناغەکانی خوارتریش ئەم پرس و بابەتە بۆتە دیاردە واتە لەقۆناغی بنەرەتی یەوە دەست پێ دەکات ئەو قوتابیانەی ئاستیان لاوازە، یا لەخولی یەکەم (دەرنەچوون و کەووتون) بۆ خولی دووەم ماونەتەوە بەهەمان شێوە هەر مامۆستایەک بە جۆرو نرخێک ئەم چەند ڕۆژەی بۆ خولی دووەم ماوەتەوە بابەتەکان بە قوتابی دەڵێتەوە!!!
کەواتە کاتی ئەوە هاتوە بە دواداچونێکی ووردو خێرا بکرێت، بۆ کۆی گشتی ئەم پرسە گرنگەی پەروەردە، چونکە وەک ئاماژەم پێکرد بۆ یەک ئاست و یەک قۆناغ و یەک وەرز نیە، پێویستە ئەو مامۆستایانەی خولەکانی هاوینە لە پەیمانگەو ئەو قوتابخانەو سەنتەرانەی خولی تایبەت و خولی بەهێزکردن دەڵێنەوە بەدواداوچوونی بۆ بکرێت لە ڕووی نرخەوە.

