رۆژنامەی ھەولێر

٨ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەکرێن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی گوژمەیەک پارە بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی دا، کە بوارەکانی شەقام و ئاوی خواردنەوە لە خۆ دەگرن. بەپێی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتەکە، گوژمەکە لەسەر داهاتی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو دابین دەکرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا ڕایگەیاند، بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتییان، بڕیاریان داوە بە خەرجکردنی گوژمەی پێویست بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ لە شاری سلێمانی و دەوروبەری.
بەگوێرەی فەرمانە وەزارییەکان، پڕۆژەکان چەندین ناوچەی جیاوازی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەگرنەوە و بریتین لە:
1- پڕۆژەی تاخم غەتاس و ڕاکێشانی کارەبای ئاوی دەوروبەری سلێمانی.
2- ڕاکێشانی تۆڕی ئاو لە بیری سەتحی بۆ تانکیی گوندی گوێزەڕەش لە سنووری فەرمانگەی ئاوی سیتەک.
3- دروستکردنی سیاج بۆ حەوزی سەریالی گوندی کانی میل لە سنووری فەرمانگەی ئاوی زەڕایەن.
4- پڕۆژەی تەواوکاریی فراوانکردن و دروستکردنی شەقام بۆ چەند کۆڵانێکی گەڕەکی مامۆستایان لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەزوور.
5- ڕاکێشانی هێڵی ئاو لە زەڕایەنی کۆن.
6- دابینکردنی قیری شل بۆ کارگەی قیری شارەوانیی لە تانجەڕۆ، کە چەند قۆناغێک لەخۆدەگرێت بە مەبەستی قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی ناوشاری سلێمانی.
7- کۆنکرێتکردن و ڕاکێشانی کڵێنکەر(کربستۆن) بۆ بەشێک لە شەقامی 30 مەتریی نێوان گەڕەکەکانی قڕگە و جیاکراوەکانی (60 و 98) لە سنووری شارەوانیی سلێمانی.
8- دابینکردنی تێکەڵەی شکاوی جۆری (A) بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییە خێراکان، بەمەبەستی چاککردنەوەی بەشێک لە شەقام و کۆڵانەکانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی.