رۆژنامەی ھەولێر

ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی سیاسی درێژەی هەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا دێت کاردانەوەکان لە بەرانبەر بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە زیاتر دەبن، ھەرچەندە ھەوڵی زۆر درا کێشەکە چارەسەر بکرێ، بەڵام دادگەی فیدراڵی خرایە نێو بابەتەکە و لایەنێکی سیاسی دژی ھەرێمی کوردستان گوشاری لە دادوەرەکان کرد و ناچار کران دەست لە کار بکێشنەوە، ئەوەش بابەتەکەی ئالۆزتر کرد. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو بڕیارانەی دادگەی پێداچوونەوە ھۆکارێکی دیکەی دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانەیە، بە پاساوی ئەوەی دەست لە بڕیارەکانیان وەردەدرێت.

لە ماوەی ڕابردوو ھەر لەسەر کێشەی مووچە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی دادگەی فیدراڵی کرد. ڕۆژی چوار شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، لە پێشینەی بابەتی ئێمە مووچەی خەڵکی کوردستانە نەک ھیچی تر.
سەرۆک وەزیران، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٩-٦-٢٠٢٥ شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگەی باڵای فیدراڵی دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەمە یەکەمجارە لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە کە دادگەکە دامەزراوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی لەم جۆرە ببێتەوە. بەگوێرەی دەستوور، ئەم دادگەیە تایبەتە بە شرۆڤەکردنی ماددەکانی دەستوور و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکان، لە کاتێکدا بڕیار بوو دادگەکە، دەربارەی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و بڕیارێکی وەلائی بدات.
بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی کە پێشتر بڕیاری لەسەر داوە، نابێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان تێکەڵی کێشەی سیاسی بکرێت، دەبێت مووچە لە کات و ساتی خۆی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانە بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی گلە و گازندەی بەرپرسانی ھەرێمە، حکوومەتی عێراق پێگر نییە و کار بەو بڕیارەی دادگە ناکات. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەپێی یاسا و دەستوور دەبوایە حکوومەتی عێراق پابەند بوایە بەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە پێشتر داویەتی، بەڵام وەزارەتی دارایی نووسراوێکی ئاراستەی دادگەی فیدراڵی کردووە و تێدا ھاتووە ئەو بڕیارەی کە لە ٢١ مانگی ٢ دەرتان کردووە لای ئێمە ڕوون نییە، ئەوەش یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و جیھان دادگەیەکی دەستووری بڕیار بدات و پێگری پێ نەکرێت، کە لە دەستوور ھاتووە نابێت پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی دادگە بکرێت، یەک لە وەزارەتەکان بڵێ لام ڕوون نییە و دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، ئەوە بیانووە دژی حکوومەتی ھەرێم و مووچەخۆرانی کوردستان و تا سەر ئێسقان بڕیارێکی سیاسییە و لایەنێکی سیاسی داوای لە وەزیری دارایی کردووە ئەو بڕیارە دەربکات و مووچەی خەڵکی کوردستان ڕابگرێت و ڕەوانە نەکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: لایەنێکی سیاسی گوشاری لە دادوەرەکان کردووە نابێت لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی کوردستان بڕیار دەربکات، ئەوانیش ئەوەیان پێ قەبوول نەبووە، بۆیە دەستیان لە کارکێشاوەتەوە ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لە عێراق دەست لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی وەردەدرێت.