چواس خالید – هەولێر
كاركردن له پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی ڕۆنانی ڕێگه‌ی دوو سایدی گۆمه‌سپان – سماقووڵی، كه شه‌ش پرد و حه‌فتا ئاوبه‌ری سندوقی له‌خۆ ده‌گرێت به‌رده‌وامه، هاوكات ڕشتانه كار له نۆژه‌نكردنه‌وه و قیرتاوكردنی ڕێگای سه‌ره‌كی هه‌ولێر- خه‌بات و شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر – به‌حركه ده‌كرێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له كاركردن و بنیادنانی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییەکان له هه‌رێمی كوردستان و خزمه‌تكردنی دانیشتوانی، له ئێستادا چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ڕشتانه كاری تێداده‌كرێت تا له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌وانیش بچنه سه‌ر خه‌رمانی ژماره‌ی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه پێشكه‌شی هاووڵاتیانی ده‌كات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئێستا ڕشتانه كار له ته‌واوكردنی پڕۆه‌ژی خزمه‌تگوزاری ڕێگه‌ی دووسایدی گۆمه‌سپان – سماقووڵی ده‌كرێت.
پڕۆژه‌كه كه له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌یه‌كه كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، جیا له باشتركردنی ڕێگه‌كه به نزیكتربوونه‌وه و سه‌لامه‌تی گیانی هاووڵاتیان، ده‌رفه‌تێكه له بووژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه، كه به‌هۆی به‌نداوی گۆمه‌سپانه‌وه ناوچه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی گه‌شتیاری فه‌راهه‌مبووه، كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت له ڕاكێشانی گه‌شتیار، دواجار ده‌بێته به‌شێك له بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ڕۆنانی دووسایدی گومه‌سپان – سماقووڵی، درێژییه‌كه‌ی بیست و حه‌وت كیلۆمه‌تره و به پانیی ده مه‌تری هه‌ر لایه‌كی ڕێگه‌كه بنیات ده‌نرێت.
له ڕۆنانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دووسایدی گومه‌سپان – سماقووڵی، شه‌ش پرد و دانه‌یه‌ك له ژێر پرد، له‌گه‌ڵ حه‌فتا ئاوبه‌ری سندووقی هه‌یه و به كوالێتی به‌رز و دیزاینی شارستانییه‌وه له‌لایه‌ن كۆمپانیای هێمن گرووپه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پڕۆژه‌كه بڕیاره له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واو بكرێت و بخرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه، كه به ته‌واوبوونی، گه‌شه‌ی ئابووری ئاسانكاری هاتوچۆ و له‌نێوان شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و ڕانیه و قه‌ڵادزێ و ته‌واوی ناوچه‌كانی گۆمه‌سپان و ده‌وروبه‌ری فه‌راهه‌م ده‌هێنێت.
هاوكات له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیان و باشتركردنی ڕه‌وشی هاتوچۆ و گرنگیدان به ڕێگاوبان و شه‌قامه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی هاتوچۆ، ڕشتانه كار له نۆژه‌نكردنه‌وه و قیرتاوكردنی ڕێگای هه‌ولێر – خه‌بات ده‌كرێت.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری نۆژه‌نكردنه‌وه و قیرتاوكردنی ڕێگای هه‌ولێر – خه‌بات، له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر به گوژمه‌ی پێنج ملیار دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر – خه‌بات، ڕێگه‌یه‌كی ستراتیژی گرنگی پارێزگای هه‌ولێره، كه شاری هه‌ولێر به هه‌ردوو پارێزگاكانی دهۆك و موسڵه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
پڕۆژه‌كه پێكهاتووه له هه‌ڵگرتنی ته‌واوی قیره كۆنه‌كه و دووباره ڕاخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو چینی به‌ردی شكاو و جارێكی دی قیرتاوكردنه‌وه‌ی به كوالێتی به‌رز و شێوازێكی نوێی كه به‌رگه‌ی ژماره‌ی زۆری بارهه‌ڵگر له‌و ڕێگه‌یه بگرێت.
له‌گه‌ڵ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كه، ئه‌و سایده‌ی كه له خه‌باته‌وه دێته‌وه هه‌ولێر، هه‌ر وه‌ك سایدی چوون بۆ خه‌بات فراوان ده‌كرێت، كه پێشتر به‌هۆی ته‌سكی ڕێگه‌كه‌وه گرفت بۆ هاتوچۆ دروستبووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، هه‌ر له‌نێو شاری هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر – به‌حركه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر – به‌حركه، ئه‌ویش یه‌كێكه له ڕێگه سه‌ره‌كییه‌كانی شاری هه‌ولێر، كه جیا له شارۆچكه‌ی به‌حركه، چه‌ندان دێهات و كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون و گوند به هه‌سلێر ده‌به‌ستێته‌وه.
پڕۆژه‌كه چه‌ند ڕۆژێكه ده‌ستی پێكردووه و ڕشتانه كاری تێدا ده‌كرێت و بڕیاره له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واو بكرێت و ئه‌ویش بخرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانی پارێزگای هه‌ولێره‌وه.

