رۆژنامەی ھەولێر

بێستوون حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان دەگاتە ١٣ هەزار تۆن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای سێ مانگ لە قەدەغەی ڕاوەماسی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان وەرزی ڕاوکردنی ماسی دەستی پێکردەوە، لە سێ مانگی ڕابردوو ژمارەیەک ڕاوچی لەسەر ڕاوکردنی ماسی بە نایاسایی دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە. بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت، لە ھەرێمی کوردستان ٤٢٩ پڕۆژەی ماسی ھەیە، بەگشتی بەرھەمی ماسی دەگاتە ١٣ ھەزار تۆن.

قەدەغەکردنی ڕاوە ماسی ھەڵگیرا، بەپێی ڕێنماییەکان، نابێت بە تەقەمەنی و کارەبا و ژەھر و تۆڕی کون بچووک ڕاو بکرێت، ئەو بڕیارە بەمەبەستی پاراستنی سامانی ماسییە.
لە ٢٠ـی ئاداری ھەموو ساڵێک وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی لە ھەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنرێت و سێ مانگ ڕاوکردن بە ھەموو جۆرەکانی قەدەغەکرابوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کەسانێک ھەبوون بە نایاسایی ماسیان ڕاوکردووە، ژمارەیەکیان دەستگیرکراون و تەنانەت کەیسەکانیان بە دادگە دراون، سزاکانیش بەگوێرەی جۆری سەرپێچیەکە بووە.
قەدەغەکردنی ڕاوە ماسی لە ھەرێمی کوردستان و ئەو ماوەیەی بۆ قەدەغەکە دیاری کراوە، بە ماوەی دانانی گەرای ماسیی و ماوەی زیادبوونی سامانی زیندەوەرەکە ھەژمار دەکرێت. بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” نێردراوە ھاووڵاتییانی دەڤەری بارزان و دەوروبەری ئاگادار دەکاتەوە لە ٢١ی ئەم مانگە ڕاوە ماسی لەو شوێنانەی کە ڕاو تێدا ئازادە بە تۆڕی دوو تبل و نیو و زیاتر ڕێپێدراوە بۆ ڕاوکردنی ماسی.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، ھەر ڕێگەیەک کە زیان بە سامانی ماسی، ڕووبار و ژینگەی ناوچەکە بگەیەنێت قەدەغەیە، بۆیە داواکارین ھەموو لایەک پێوە پابەند بێت، ھەر کەسێکیش پابەند نەبێت بە توندی سزا دەدرێت.
بێستوون حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاشکرای کرد: لە ھەرێمی کوردستان ٤٢٩ پڕۆژەمان ھەیە، بەرھەمیان ٤ ھەزار و ٧٠٠ تۆنە، پڕۆژەی بچووک و خۆبژێوشیمان ھەنە، ئەوانیش زۆرن و بێ مۆڵەتن، کار دەکەین بە یاسایی ڕێکیان بخەین، بەگشتی بەرھەم دەگاتە ١٣ ھەزار تۆن و ٦٥% پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە، ئەوەی دیکەش لەڕێگەی بازرگانییەوە لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ بۆمان دێت، ئێمەش ھاوکاریمان کردوون و ئاسانکاریمان بۆ کردوون، تەنیا لە مانگی ھەشت تا کۆتایی ساڵ باجمان خستۆتە سەر ماسی، بۆ ئەوەی بەرھەمی خۆمان ساخ بێتەوە، ماسی بەستوومان نییە و لە وڵاتان بۆمان دێت.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، سەبارەت بە پێداویستی ھەر تاکێک، گوتیشی: بەپێی ستانداردی جیھانی ھەر تاکێک ١٦ کیلۆ لە ھەر ساڵێک پێویستە، بۆیە بەگشتی پێویستمان بە ٨٠ ھەزار تۆنە بۆ پێداویستی ناوخۆ کە ھەموو جۆرە ماسییەکان و زۆرینەی لەناوخۆ پڕدەکرێتەوە، بەشێکی بۆ پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نزیک ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت ئەگەرنا بۆ ناوخۆی ھەرێم بەکاردێت.
بۆ پڕۆژەی سامانی ماسی ڕێنمایی ژمارە نۆی ساڵی ٢٠٢١ مان ھەیە، بەپێی ئەو ڕێنماییە ڕەزامەندی سێ لایەنی پەیوەندیدار وەردەگیرێت، ژینگە، شارەوانی و سامانی ماسی، ئێمە لای خۆمان بە دوو ڕۆژ مامەڵەیان بۆ تەواو دەکەین، ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین لە دروستکردنی پڕۆژە، ھەندێک پڕۆژەی ستراتیژی ھەن، کە ھەندێک مەوادی دەوێت ئەگەر لە ھەرێم نەبێت لە دەرەوە دێت، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ دەکرێت، لە کاتی پێگەیشتنی ماسی ناوخۆ ھاوردەکردن قەدەغەدەکرێت.
بێستوون حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاشکراشی کرد: لە ھەولێر پڕۆژەیەکی پەنجەماسیمان ھەیە، ساڵانە ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ ھەزار پەنجەماسی، بەپێی پلانێکی تۆکمە و ڕێکخراو دەخرێنە ناو بەنداوەکان.