ڕائیب جادر – هەولێر
سیاسەتی برسیکردن و ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا ھێناوە، لە بودجەی سێ ساڵەدا بەغدا نزیکەی ٤٠ تڕلیۆن دیناری بۆ ھەرێم نەناردووە. شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن: پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لەبەرانبەر ھەڵوێستەکانی بەغدا یەکڕیز و یەکدەنگ بن، ئەگەرنا ڕۆژبەڕۆژ کێشەی زیاتر بۆ ھەرێم دروست دەکات. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێت: لەسەر کاغەز شتێکە و کردەوە شتێکی دیکەیە، لە عێراق ئیلتیزام بە دەستوور و یاساوە ناکرێت.
لە کاتی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی “ڤیزت کوردستان” مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانیی و پێشکەوتنی خۆی بوەستێت، کە بە دڵنیاییەوە، لەم ھەوڵەیاندا سەرکەوتوو نابن و ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ھەرگیز و لە ژێر ھیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ئێمە ھەموو پابەندییەکی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەشەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرامبەردا، مافەکانی خەڵکی کوردستانیش بدرێت، بەڵام بە داخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنناش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: بەرپرسانی بەغدا، دەبێ بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و ھەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێ لەو چوارچێوەیەدا، مامەڵە و ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت، نەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لە سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن و بەکارھێنانی ھەموو چەکێک، ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە، جگە لە ماڵوێرانی و وێرانکاری، ھیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە، بۆیە ھیوادارم بەرپرسانی بەغدا واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردسان بێنن، چونکە ھیچ سوود و ئەنجامێکی نابێت، ئێمەش لە ھەوڵەکانمان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەردەوام دەبین، ھیوادارین لە کاتێکی زوودا بگەینە ئەنجامێک کە لەبەرژەوەندی ھەموولایەکدا بێت.
ڕەوانە نەکردنی مووچە و برسیکردنی خەڵک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نیگەرانی کوردستانیانی بەدوای خۆیدا ھێناوە، بەگوتەی ھاووڵاتییان لێک جیابوونەوە تاکە چارەسەرە لەم کات و ساتەدا. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییەکانی حکوومەتی فیدراڵی بڵاو کردەوە و لە ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەکان، گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچووککردنەوە و لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان کردووە، لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان، فاکتەری ئارامی و گەشەی ناوچەکەیە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا ڕۆڵی لە گێڕانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی لە جیاتی ھاوبەشی و ڕێککەوتن، ھەموو ئامرازێکی بۆ سزادانی ھەرێم خستووەتە گەڕ.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ماوەی ١١ ساڵە حکوومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە، لە بەرانبەردا ھەموو مانگێک بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست کردووە، سەرباری ئەوەی دادگەی فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵکی کوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە ھیچ بابەتێکەوە نەبەسترێتەوە.
جەبار ئیسماعیل، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ھیچ پەیوەندییەکی بە پابەندبوونی ھەرێمی کوردستانەوە نییە، ھەولێر ئەوەی پێویست بووە بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێی کردووە، ئەوەی ئێستا عێراق دەیکات ھەڵمەتێکە بۆ ھەڵبژاردن، چونکە لە عێراق کلتوورێک ھەیە کە پێیانوایە چەند دژی ھەرێمی کوردستان بن، لەناو کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی زیاتر بە دەست دێنن، ئەوەش خوێندنەوەیەکی ھەلەیە و تێدا سەرکەوتوو نابن، چونکە ئەگەر بە ئۆکەی کوردستان و بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان نەبووایە ھیچ کاتێک لە عێراق حکوومەت پێک نەدەھات.
ئەو شرۆڤەکارە، گوتیشی: دادگەی ئیتحادی بڕیاری خۆی داوە، ناکرێت جارێکی دیکە بۆ دادگە بگەڕێینەوە تا بزانین چی دەڵێت و چ بڕیارێک دەردەکات، دەبێت بوودجە و مووچە تێکەڵی ھیچ بابەتێک نەکرێت، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق نە پێگری بە بڕیارەکانی دادگەی ئیتحادی دەکات، نە دەستوور، تەنیا ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت.
جەبار ئیسماعیل، شرۆڤەکاری سیاسی، جەختی لەوەشکردەوە: زۆر گرنگە یەکڕیزی نێو ماڵی کورد خۆشبەختانە فراکسیۆنە کوردستانیەکان تا ئێستا پێکەوە بوونە، دەبێت لە کوردستانیش تەواوی لایەنەکان بە یەکڕیز و یەکدەنگ دژی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق بوەستنەوە، چونکە ئەگەر یەکڕیز و یەکدەنگ نەبن، بەغدا ئەوەی لە دەست بێت بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان دەیکات، بۆیە تا چەند زووە دەبێت لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی و یەکدەنگی دژی بڕیارەکانی عێراق بوەستنەوە.
ئازاد مستەفا، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەرێمی کوردستان ھەموو مانگێک بیانووەکانی بەغدای بڕیوە و کێشەکانی لیستی مووچەی چارەسەر کردووە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی ھەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و ھیچ ساڵێکیش ھەر ١٢ مووچەکەی بۆ ھەرێم نەناردووە، لە دوابڕیاری ستەمکارانە و سزادانێکی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی ٨ مانگی ساڵی ٢٠٢٥ نەنێرێ لە کاتێکدا لە ١٣ ترلیۆن دیناری پشکی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٥، تەنیا ٤ ترلیۆن نێردراوە، حکوومەتی عێراق لە جیاتی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان، بودجە و مووچەی کوردستان بۆ میلیشیا عێراقییەکان دەنێرێت، ئەو ھەنگاوەی وەزارەتی دارایی عێراق زوڵمە، تاوانە و دژی دەستوور و یاسایە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکڕیز بن، بەتایبەتی لەو قۆناغەدا کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە، لە بەغداش مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان پێشێڵ دەکەن و ھەر شتێک لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت، لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن ئەگەر پێچەوانەی دەستوور و یاساش بێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: دەستوور شتێک دەڵێ و یاسای بودجە شتێکی دیکەیە، یاسای بوودجە مخالفەی یاسای ئیدارەی ماڵییە، ئەوەی جێبەجێ دەکات مخالفەی یاسای بودجەیە، واتە لەسەر کاغەز شتێکە و کردەوە شتێکی دیکەیە، لە عێراق ئیلتیزام بە دەستوور و یاساوە ناکرێت.

