وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی هەستیاری ناوچەکەدا بکرێت و هۆشداریی توند دەداتە ئەو کەناڵ و پەیجانەی هەواڵی نادروست بڵاو دەکەنەوە.
وەزارەتی ڕۆشنبیری لە بڵاوکراوەکەیدا رایگەیاند: بەهۆی ئەو دۆخە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، میدیای کوردی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پێگەی بێلایەنانەی هەرێمی کوردستان لە ڕووداوەکاندا بگێڕێت.
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە “پێویستە ڕەچاوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و باری دەروونی هاووڵاتییان بکرێت و هیچ جۆرە هەواڵێکی بێ سەرچاوە و لایەنگیرانە بڵاو نەکرێتەوە”.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر زانیارییەک تایبەت بە دۆخی ئەمنی و ڕووداوەکان، دەبێت تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هۆشداریی توندی داوە و ڕایگەیاندووە “هەر لایەن و دامەزراوەیەکی میدیایی یان هەر بەکارهێنەرێکی سۆشیال میدیا کە هەواڵی بێ بنەما بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بڵاو بکاتەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە

