وەزارەتی ئەوقاف گەڕانەوەی سەرجەم حاجییانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند

وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند: دوای کۆتایی ھاتنی حەجی ئەمساڵ 2025، ھەروەھا بوونی گرفتی گەڕانەوە حاجیان بە ڕێگەی (گەشتی ئاسمانی) بەھۆی ئاڵۆزی ناوچەکە، ھەروەھا لەسەر بڕیاری مەسڕور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ گەڕانەوەی حاجیان و گرتنەبەری ڕێگەی ئاسانی گەڕانەوەیان، ڕێکخستنی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەنیدارەکان و بەرپرسانی وڵاتی عەرەبستانی سعوودییە، توانرا سەرجەم حاجیانی کوردستان کەژمارەیان (5135) حاجی بوون بگەڕێندرێنەوە خاکی پیرۆزی نیشتمان.

راشیگەیاند: پشت بەخوای گەورە و ھەوڵی تیمە کارگێڕییەکان، ئەمساڵ توانرا پڕۆسەیەکی نمونەیی پێشکەش بکرێت، لە ماوەی حەجی ئەمساڵ تەنیا یەک حاجی لە مەککەی پیرۆز کۆچی دوایی کرد، ئەوانی تر سوپاس بۆ خوا بە سەلامەتی گەیشتنەوە نێو کەسوکار و ئازیزانیان .

وەزارەتی ئەوقاف جەختیشی كردەوە: بە گشتی ئەمساڵ 2025 پرۆسەیەکی نموونەیی بە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانەوە پێشکەشی حاجیانی کوردستان کرا لە خواردن و خواردنەوە، خزمەتگوزاری پزیشکی و شوێنی حەوانە و ھاتوچۆ و مانەوە لە چیای عەرەفە و مینا، حاجیان ھەموو ئەرکەکانی حەجیان جێبەجێ کرد.