ئەمڕۆ سێشەممە 2025.6.17، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگرى پارێزگار و بەرپرسانى دیکە هێزە ئەمنیەکان، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی و ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە سەرجەم هێزە ئەمنیەکان کرد، لە بەرامبەر هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتر لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و بەرقەرارکردنى یاسا و نەهێڵانى دیاردە ناشارستانى و دزێوەکان و ئەو کارانەى کە لە ماوەى ڕابردوودا ئەنجامیان داوە.
هەروەها تەئکیدى لە گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست لە یەکە کارگێڕی و ئیداریی و هێزە ئەمنیەکان کردەوە بۆ هاریکاریکردنى یەکتر و بە جێگەیاندنی ئەرکەکانیان و پتەوکردنى هەماهەنگی نێوانیان لە ئەگەرى ڕوودانى هەر ئەگەر و ڕووداێکى نەخوازراو لە پێناو سەلامەتى و پاراستنى گیانى هاوڵاتییان.