جارێکی دیکەش دڵنیایی درایە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە ئەگەری درێژەکێشانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مشووری ئاسایشی خۆراکی خواردووە و ئەزمەی خواردەمەنی لە هەرێمی کوردستان ڕوو نادات. لەو بارەیەوە بەڕێوبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ کۆگاکانی کەلوپەلی خۆراک پڕ کراون لە خۆراکی پێویستی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، باسی لە دۆخی بازرگانی هەرێمی کوردستان کرد و وتی: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان لە دەروازە سنوورییەکان بەگشتی، بەردەوامە و ئاساییە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، کۆمپانیاکان بەردەوام کەلوپەلی خۆراک لە تورکیاوە دێننە نێو کوردستان، ڕایگەیاند: کۆگاکانی هەرێمی کوردستان کە بە ستانداری نێودەوڵەتی دروستکراون، پڕ کراون لە کەلوپەلی خۆراک و دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ خۆراک لەو کۆگایانە هەڵگیرێت و تێک نەچێت، بۆیە مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کۆگاکان لە تەواوی کوردستان پڕ کراون لە کەلوپەلی خۆراک.
بەڕیوبەری بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو؛ بەپێی پێویستی خۆیان کەلوپەلی خۆراک بکڕن، ترسی ئەوەیان نەبێت کەلوپەلی خۆراک لە بازاڕەکان نەمێنێت، ڕایگەیاند: بەپێی ئەو پلانەی دایان ناوە لەگەڵ کەرتی تایبەت، ڕۆژانە کەلوپەلی خۆراکی زۆر دەخەینە بازاڕ و مۆڵ و مارکێتەکانەوە و ناهێڵین خۆراک لە بازاڕ کەمبێتەوە.
ڕاشیگەیاند؛ چاودێری بازاڕ دەکەن بۆ ڕێگە نەدان بە بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەل و خۆراک، ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، سەردانی زیاتر لە 20 هەزار شوێن و مارکێت و مۆڵ و دوکانیان کردووە لە تەواوی کوردستاندا، سزای زیاتر لە 500 مارکێت و مۆڵ و شوێنیشیان داوە بەهۆی سەرپێچی کردنەوە لە ڕێنماییەکان، بە زیاتر لە 300 ملیۆن دینار ئەو شوێنانە پێ بژاردنیان بۆ کراوە، هاوکات 700 تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو دەستییان بەسەرداگیراوە لەو ماوەیەدا.
نەوزاد شێخ کامیل، جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ کۆمپانیاکان گفتوگۆیان کردووە و بەڵێنیان داوە هاوکار و هەماهەنگی هاووڵاتییان بن لەو دۆخەی هاتووەتە پێش و نرخی ئەو کاڵا و کەلوپەلانە بەرز نەکەنەوە کە لە کۆگاکانیان هەن، ڕاشیگەیاند: هەر مارکێت و شوێنێک نرخ بەرزبکاتەوە، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێت و چاوپۆشی لە هیچ کەسێکیش ناکرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت گرژی و ئاڵۆزییەکان وڵاتانی ناوچەکەی بە گشتی گرتووەتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو ململانێیەدا لایەنگری ئاڵۆزی و شەڕ نییە و هەموو هەوڵێکیشی لە پێناو ئەوە داوە گرفتەکان لە ڕێگای دانوستاندن و ئاشتییەوە چارە بکرێن، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە ڕێگای کەناڵە جیاوزەکانییەوە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە توشی دڵەڕاوکێ نەبن سەبارەت بە دروستبوونی ئەزمەی خۆراکی.
هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەکانیش ڕۆژنامەی هەولێر، لە بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەوەی خستەڕوو؛ لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە قەیرانێکی خۆراک نایەتە کایەوە تا پێویست بەوە بکات خەڵک لە دڵەراوکێدابن ئەمەش لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان ئەوەیە سەرجەم دەروازە نێودەولەتییە بازرگانییەکان لە کارەکانیان بەردەوامن و لە لایەکی ترەوە هیچ کێشەیەک بۆ پڕۆسەی بازرگانی نەهاتووەتە کایەوە.
لەرووی ئابورییەوە هەر کاڵایەک داخوازیی زیاتری کڕینی لەسەر بێت ئەوا نرخەکەی گران دەبێت و ئەو ئەگەرە لە ئارادایە هەندێک بازرگانی چاوچنۆک دەرفەتەکە بقۆزنەوە.
لای خۆیشییەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا، گوتی هەوڵێک هەبوو کە یاری بە نرخەکان بکرێت و ژمارەیەک بازرگان هەلەکە بقۆزنەوە بەڵام تیمەکانی چاودێریی بازاڕ هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە و ڕێگرییان کردووە .