بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان کوردستان و وڵاتان لە دەروازە سنوورییەکان بەردەوامە و ئاساییە، گوتیشی: کۆگاکانی کەلوپەلی خۆراک پڕ کراون لە خۆراکی پێویستی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات.
دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان لە دەروازە سنوورییەکان بەگشتی، بەردەوامە و ئاساییە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، کۆمپانیاکان بەردەوام کەلوپەلی خۆراک لە تورکیاوە دێننە نێو کوردستان، ڕایگەیاند: کۆگاکانی هەرێمی کوردستان کە بە ستانداری نێودەوڵەتی دروستکراون، پڕ کراون لە کەلوپەلی خۆراک و دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ خۆراک لەو کۆگایانە هەڵگیرێت و تێک نەچێت، بۆیە مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کۆگاکان لە تەواوی کوردستان پڕ کراون لە کەلوپەلی خۆراک.
نەوزاد شێخ کامیل داوای لە هاووڵاتییان کرد، بەپێی پێویستی خۆیان کەلوپەلی خۆراک بکڕن، ترسی ئەوەیان نەبێت کەلوپەلی خۆراک لە بازاڕەکان نەمێنێت، ڕایگەیاند: بەپێی ئەو پلانەی دایان ناوە لەگەڵ کەرتی تایبەت، ڕۆژانە کەلوپەلی خۆراکی زۆر دەخەینە بازاڕ و مۆڵ و مارکێتەکانەوە و ناهێڵین خۆراک لە بازاڕ کەمبێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاند: چاودێری بازاڕ دەکەن بۆ ڕێگە نەدان بە بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەل و خۆراک، ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، سەردانی زیاتر لە 20 هەزار شوێن و مارکێت و مۆڵ و دوکانیان کردووە لە تەواوی کوردستاندا، سزای زیاتر لە 500 مارکێت و مۆڵ و شوێنیشیان داوە بەهۆی سەرپێچی کردنەوە لە ڕێنماییەکان، بە زیاتر لە 300 ملیۆن دینار ئەو شوێنانە پێ بژاردنیان بۆ کراوە، هاوکات 700 تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو دەستییان بەسەرداگیراوە لەو ماوەیەدا.
نەوزاد شێخ کامیل دووپاتی کردەوە، لەگەڵ کۆمپانیاکان گفتوگۆیان کردووە و بەڵێنیان داوە هاوکار و هەماهەنگی هاووڵاتییان بن لەو دۆخەی هاتووەتە پێش و نرخی ئەو کاڵا و کەلوپەلانە بەرز نەکەنەوە کە لە کۆگاکانیان هەن، ڕاشیگەیاند: هەر مارکێت و شوێنێک نرخ بەرزبکاتەوە، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێت و چاوپۆشی لە هیچ کەسێکیش ناکرێت.