مەسرور بارزانی: پەیوەندییەکی تایبەت و دۆستانەمان لەگەڵ ئیمارات هەیە

ئەمڕۆ دووشەممە، 16-06-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: “سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی تایبەت و دۆستانەی نێوان دەوڵەتی ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرد و سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی خەڵک و سەرکردایەتیی ئیمارات دووپات کردەوە.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “هەڵسورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات، سڵاو و ڕێزی سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و جێگری سەرۆک و سەرۆکوەزیران شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و جەختی لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.”