ڕائیب جادر – هەولێر
تا دێت پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و داراییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ئالۆزتر دەبن، بەو پێیەی بەرپرسانی باڵا لە عێراق ھەر جارەو بە بیانۆیەک و بە بڕیارێکی ناڕەوا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕادەگرن. ئابووریناس و چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ئەو مامەڵەی ئێستا عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات، بڕیارێکی سیاسییە و ھیچ مانایەکی دیکە ھەڵناگرێت، ئەگەر زوو چارە نەکرێت دۆخێکی خراپ دروست دەبێت، دەبێت ھەرێمی کوردستان لەم دۆخەی ئێستادا بە یەکگرتوو مامەڵە بکات.
دوای ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ بەغدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، بە نووسراوێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی چیدیکە ناتوانێت مووچە بنێرێت، بە پاساوی ئەوەی، کوردستان بڕی پشکی دیاریکراوی خۆی لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەی بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی.
لە بەرانبەردا ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی ھەرێمی کوردستانی نادەستووریی و نایاساییە، ھەروەھا حکوومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسییە گەمارۆ دەخاتە سەر ھەرێم، کە ئامانج لێی سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
ئەنجوومەنەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە نابێت لە ژێر ھیچ پاساو و بیانوویەک، قووتی مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ ھەشت مانگی داھاتوو ڕابگیرێت.
لە دەوڵەتانی فیدراڵیدا بۆ پرسی دابەشکردنی سامان و دارایی، پشت بە دەستوور، یاسا، ڕێسا و پێوەری ھاوبەش دەبەسترێت، لە عێراقدا ٢٠ ساڵە داڕشتنی بنەما یاسایی و دامەزراوەییەکانی فیدراڵیەتی دارایی و بواری دابەشکردنی سامان، داھات و دەسەڵات فەرامۆش دەکرێن، لە کاتی کێشە و گرفتەکاندا پەنا دەبرێنەوە بەر ڕێککەوتنی کورتمەودا، لەوێشەوە پەیوەندیە داراییەکان دەخرێنە ژێر ڕەحمەتی ھەڵوێست و میزاجی سیاسیی دەسەڵاتدارانەوە.
ھەرچی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراون، بەھۆی سیاسی و دۆزینەوەی بیانووی نایاسایی و نادەستووریی جێبەجێ نەکراون و تەمەنیان درێژ نەبووە، لەبەر ئەوەی گرەنتی جێبەجێکردنیان نەبووە، ئیدی بەردەوام کێشەیان بۆ دەبینرێتەوە.
مێژووی مامەڵەی خراپی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیسەلمێنێت بەردەوام ئەوەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە، کە ھەرێمی کوردستان ئەو خۆشگوزەرانییە و ئاوەدانییەی کوردستان ڕێچکەی گرتووە لە پێشکەوتن لەمپەڕی بۆ دروست بکرێت، بەگوتەی ھاووڵاتییان و چین و توێژەکان سەربەخۆی ئابووری ھەرێمی کوردستان ھێندەی دیکە ھەرێم دەباتە لووتکەی گەشەسەندن و عێراقیش دووچاری شکەستێکی ئابووری دەکات.
د. کاوە موسا، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: مووچە بژێوی ژیانە، سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ ھەموو گەلانی عێراق، بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان تەنیا پشت بە مووچە دەبەستن، بەداخەوە حکوومەتی عێراق ھەر مانگێک بیانۆیەک دەھێنێتەوە بەس بۆ ئەوەی مووچە و بودجەی کوردستان ڕەوانە نەکات، ئەوەش وا دەکات کە مووچەخۆری کوردستان ببێتە قوربانی ناکۆکی نێوان شیعەکان کە لە نێو خۆیاندا ناکۆکن، ئەوەش ھەموو بۆ ئەوەیە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق لەسەر حسابی کورد دەنگێک زیاد بکەن، چونکە ھەر لایەنێک دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوەستێتەوە لە ھەڵبژاردن دەنگێکی زیاتر بەدەست دێنێت، ھەر ئەوەش وای کرد کە دەست بۆ بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان ببەن، بەڵام مووچەخۆران دڵنیا دەکەمەوە کە ئەوە بۆ ئەوان ناچێتە سەر، بەڵام پێویستە خەڵکی کوردستان، لایەنە سیاسییەکان لەبەرامبەر ئەو گەفانە یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو کێشانە چارە بکەن، کە زۆر گرنگە لایەنەکان یەکدەنگ بن، چونکە ئەوە شەڕە لەگەڵ کورد دەکرێت ئەوەش بەس بۆ ئەوەیە قەواری ھەرێمی کوردستان نەمێنێت، بۆیە ئەگەر لایەنەکان یەکگرتوو بن دەتوانن بەرامبەر ئەوان بوەستنەوە، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو نەبن ڕەنگە ببنە پاروویەکی ئاسان بۆ ئەوان و چۆن بیانەوێت بەو شێوەیە یاری بە خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵام پارتی بەردەوام خۆی لە خەڵکی خۆی کردووتە خاوەن، ھاوکێشەی نێودەوڵەتییش لە بەرژەوەندی کوردستاندایە.
زەھرا خەیری، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەھای بێ بنەما لە حکوومەتی ھەرێم دەگرن بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، نە ناردنی مووچە کاریگەری لەسەر ھەموو کەرتەکان ھەیە، بەتایبەتی بازاڕ کە کزیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ: ئەو حکوومەتەی ئێستا لە عێراق ھەیە، حکوومەتێکی باش نییە، چونکە زوڵمی لە گەلی کوردستان کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق بەردەوام زوڵمیان لە کورد کردووە، کە ئەوەش ھیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستان، بۆیە ئەوەی عێراق دەیکات نادات پەروەرییە و کاریگەری دەرەکی لەسەرە و تەنیا جێبەجێ کاریەتی، پێویستە بۆ چارەکردنی ئەم دۆخە ھەرێمی کوردستان پەنا بۆ گفتوگۆی نێودەوڵەتی ببات.
ڕێبوار ستار، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەگەر تەماشای بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بکەین بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بڕیارێکی ناوخۆی عێراقی نییە، چونکە عێراق بڕیاری سەربەخۆی سیاسی خۆی لە دەستداوە و ئەوەی دەیکات گەمارۆدانی ھەرێمی کوردستانە، ئەوەش تەنیا پەیوەندی بەوە نییە کە داھاتی ناوخۆ و نەوتی نەنێردراوە خۆ بڕیاری دادگەی ئیتحادی یەکلای کردووتەوە کە بابەتی نەناردن و کێشمەکێشمی ئیراداتی نەوتی و نانەوتی نابێت ببێت بە ھۆکار بۆ بڕینی مووچەی مووچەخۆران لە ھەرێمی کوردستان.
ڕوونیشیکردەوە: ئەمجارە بڕینی مووچەی خەڵکیی کوردستان، بڕیارێکی سیاسییە، بۆیە دەبێت سیاسییەن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەگەر کورد شەڕ بکات دەبێت یەکگرتوو بێت، چونکە پاراستنی ھەرێمی کوردستان مافی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە، نەک تەنیا لایەنێکی دیاری کراو.