ئاگادارییەک بۆ هاووڵاتیانی کوردستان کە لە فرۆکەخانەکانی ناوچەکەن
ژوورێکی هەماهەنگی لە دامەزراوەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتووە بۆ ئاسانکاری رێکارەکانی گەڕانەوەی هاووڵاتیانمان بۆ کوردستان کە لە فرۆکەخانەکانی دەوروبەر کە بە هۆی دۆخی هەنووکەییەوە ئاسمانی عيراق داخراوە، توشی مانەوە هاتوون. لەمبارەیەوە ژووری هەماهەنگی ئەم خاڵانەی خوارەوە وەکو ئاگاداری بە هاونیشتیمانیان دەدات:
یەکەم: لە هەر فرۆکەخانەیەکی وڵاتانی ناوچەکە وەستاون و داوای هاوکاری دەکەن دەتوانن پەیوەندی بە یەکێک لەم دوو ژمارە تەلەفونە (لە رێی وەتس ئەپ) بکەن کە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی کردوون و زانیارییەکانتان رەوانە بکەن:
+9647508035680
+9647508035681
دووەم: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کوردستان بە هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی تورکیا رەزامەندی وەرگرتووە کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە پاسپۆرتی عێراقی لە هەر فڕۆکەخانەیەکی ناوچەکە بن بتوانن بێ فیزەی پێشوەختە بە هێلی ئاسمانی تورکش ئێرلاینس یان هەر هێلێکی دیکە بگەڕێنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەمبوڵ یان سەبیحە و لە گەڵ گەیشتن فیزەی ترانزێتی پێنج رۆژ وەردەگرن. لەوێشەوە دەتوانن بە زەمینی یان بە هێلی ناوخۆیی تورکیا گەشت بکەن بۆ یەکێک لە فرۆکەخانەکانی نزیک لە سنووری هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بگەڕێنەوە کوردستان.
سێیەم: ئەو هاووڵاتیانەی لە وڵاتانی ئەوروپا لە فرۆکەخانەکان ماونەتەوە و بە پاسپۆرتی عێراقی (فیزەی شینگن)یان هەیە، دەتوانن بە ئۆنلاین فیزەی تورکی وەربگرن یان بێ فیزە بگەڕێنەوە و لە فرۆکەخانەکانی تورکیا وەکو لە خاڵی دووەم هاتووە فیزە وەربگرن.
چوارەم: لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران تیمەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکاری پێویستیان کردووە بۆ بە خێرایی راپەڕاندنی ئەرکی هاونیشتیمانیانمان کە لە ئێران یان لە تورکیا بە رێگای زەمینی دەگەڕێنەوە وڵات.