ڕائیب جادر – هەولێر
دوای ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە وەرنەگرتنی بەرھەمی ئەمساڵی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان، جووتیارانی ئەو ناوچانە نیگەرانی و ناڕەزای خۆیان دەردەبڕن و بێ ئومێد بوونە لە وەرگرتنی بەرھەمەکەیان. بەرپرسانی کشتوکاڵ، دەڵێن: داوا لە حکوومەتی عێراق و ھەرێم دەکەین چارەیەک لە جووتیاران بکەن، ئەگەرنا زیانێکی زۆر دەکەن.
جووتیاران، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لەبەر ئەوەی دەکەوینە سنووری ماددەی ١٤٠ ئەو گەنم و جۆیەی کە ھەمانە لە سایلۆکان وەرناگرن، کە ئێستا بە سەدان ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر کە ھەر یەکێک لەو بارھەڵگرانە بە ٣ ملیۆن دینار بە کرێمان گرتووە و نۆرەیان گرتووە، ئەو گەنمە ھەموو بە فیڕۆ دەچێت، چونکە ھیچ ئەمەلێک نییە بۆ وەرگرتنی گەنمەکەمان، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەو گەنمەمان لێ وەرگیرێت، چونکە بەرھەمان زۆرە.
جووتیاران، دەڵێن، ھۆکاری وەرنەگرتنی گەنمی ئێمە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ئێمە کوردین، ئەگەرنا ھەر جووتیارێکی عەرەب گەنمی خۆی بردبێتە سایلۆ لێی وەرگیراوە، ئەگەر گەنمەکەمان لێ وەرنەگیرێت ھەموومان زەرەرمەند دەبین، چونکە تا گەنمەکەمان ھاتووەتە بەرھەم پارەیەکی زۆرمان لێ خەرج کردووە.
ئەحمەد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ناحیەی کەندێناوە، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند، گوتی: بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بڕیاریاندا ئەمساڵ گەنمی ھەموو جووتیارانی مەخموور وەربگرن، بەڵام دواتر بڕیارەکەیان گۆڕی، ئەگەر ھەموو گەنمی جووتیاران وەرنەگرن زیانێکی زۆر دەکەن، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق و ھەرێم دەکەین چارەیەک لە جووتیارانی کەندێناوە بکەن، چونکە لەو سنوورە ٢١ ھەزار تۆن گەنم بۆ بە بازاڕ کردن ھەیە.