سلێمان تاشان – ههولێر
وەک ئاشکرایە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٣ی ئەم مانگەوە جەنگێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستی پێ کردووە و بەهۆیەوە بەشێک لە هاووڵاتییانی کوردستان تووشی دڵەراوکێ بوون و پێیان وایە خۆراک لە بازاڕەکان نامێنێت، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هیچ کێشەیەک لە جووڵەی بازرگانی نەهاتووەتە کایەوە و خۆراک ئەوەندە زۆرە کە بەشی چەندان مانگ دەکات.
رۆژی هەینی شەڕەکە کاتێک دەستی پێکرد کە ئیسرائیل بە زیاتر لە سەد فڕۆکەی جەنگی ژمارەیەک پارێزگای ئێرانی کردە ئامانج و لە ئاکامدا زیانێکی زۆری مادی و گیانی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیاند. لە ئێوارهی ههمان ڕۆژ ئێران وهڵامی هێرشهكهی دایهوه و توانی هەندێک زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت و بەپێی دواین زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل لانی کەم سێ کەس لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل کوژراون و سەرووی هەشتا کەس بریندار بوون. بهپێی دواین زانیارییهكانی میدیا فهرمییهكانی ئێرانیش، هەشتا كهس لە هاووڵاتییانی ئێران كوژراون كه ژمارهیهكیان له فهرمانده باڵاكانی سوپای پاسداران بوون، ژمارهیهكی تریان له زانا ئهتۆمییهكان و سهرووی سێسەد و پەنجا كهسیش بریندار بوون.
تا ئەم ساتە کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە جۆرێک بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەراوکێ لای خەڵک و بازاڕەکان. لە ڕۆژی هەینییەوە کە جەنگ دەستی پێ کردووە مارکێتەکان کەمێک قەرەباڵغتر بوون و قەرەباڵغیی مارکێتەکانیش پێوەندی بەوە نییە هیچ مووچەیەک دابەش بووبێت یان هیچ بۆنەیەکی وەک جەژن لە ئارادابێت بەڵکوو دڵەڕاوکێی هەندێک لە هاووڵاتییانە کە پێیان وایە بە هۆی جەنگ خۆراک لە بازاڕەکان نامێنێت و شەڕ و گرانیی سەرهەڵدەدات.
بەگوێرەی بەدواداچوونی ڕۆژنامەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە قەیرانێکی خۆراک نایەتە کایەوە تا پێویست بەوە بکات خەڵک لە دڵەراوکێدابن ئەمەش لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان ئەوەیە سەرجەم دەروازە نێودەولەتییە بازرگانییەکان لە کارەکانیان بەردەوامن و لە لایەکی ترەوە هیچ کێشەیەک بۆ پڕۆسەی بازرگانی نەهاتووەتە کایەوە.
لەرووی ئابورییەوە هەر کاڵایەک داخوازیی زیاتری کڕینی لەسەر بێت ئەوا نرخەکەی گران دەبێت و ئەو ئەگەرە لە ئارادایە هەندێک بازرگانی چاوچنۆک دەرفەتەکە بقۆزنەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوێنێ لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی هەوڵێک هەبوو کە یاری بە نرخەکان بکرێت و ژمارەیەک بازرگان هەلەکە بقۆزنەوە بەڵام تیمەکانی چاودێریی بازاڕ هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە و ڕێگرییان کردووە .
ئەو پشتڕاستی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خۆراکێکی زۆری لە کۆگەکان هەیە و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هیچ کاریگەرییەک وەرناگرێت. خۆشناو دڵنیایی بە هاوڵاتییان دا کە هیچ مەترسییەک لەسەر کەمیی خۆراک لە ئارادا نییە تەنیا ئەگەر کاریگەرییەک هەبێت گۆڕانکاریی نرخی دۆلارە. گوتیشی تیمەکانی قایمقامیەت و لایەنە پێوەندیدارەکان لە چاودێریکردن بەدەوامن و سەرپێچکارا سزا دەدەن.
پێویستە بگوترێ بازرگانانیش پێشتر رایان گەیاندووە کە کۆگەکانی خۆراکی هەرێمی کوردستان لانی کەم بەشی شەش مانگ خۆراک و کەلوپەلیان تێدایە و ئەگەر تەواوی دەروازەکانیش دابخرێن هێشتا نابێتە هۆی ئەوەی قەیران بێتە کایەوە و لەهەمووی گرنگتر شەڕەکە لە ئێرانە و ئەگەر دەروازەکان لەگەڵ ئێرانیش دابخرێن ئەوا هەرێمی کوردستان دەروازەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا هەیە و بازرگانان ڕێگە نادەن لەم ڕووەوە هیچ بۆشاییەک لە خۆراک بێتە کایەوە.