لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی سووری دانیشتووی هەرێمی کوردستان راگەیاند
وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی كردەوە: لەسەر فەرمانی تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆکى حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەپێناو چارەسەرکردنی رەوشی تایبەتی هاووڵاتییانی سووری ئەوانەی نشینگەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان بەسەر چووە، فەرمان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کراوە کە کاری پێویست ئەنجام بدەن بە گرتنەبەری ئەم رێکارانەی خوارەوە:-
یەکەم: پێدانی ماوەی (60 رۆژی کارکردن لە رۆژی دەرچوونی ئەم نووسراوە) بۆ گشت خوشک و برایانی سووری کە نشینگەکانیان بەسەرچووە یان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و نشینگەیان دەرنەهێناوە، بۆ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی نشینگە بۆ ماوەی یەک ساڵ بە گوێرەی فۆرمی (20) و لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن.
دووەم: ئەوانەی لە خاڵی یەکەم ئاماژە بە کەیسەکانیان کراوە و نایانەوێ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەکەن، لە سزاکانی دواکەوتنی نوێکردنەوە یان دەرنەهێنانی نشینگە دەبەخشرێن، پێویستە سەردانی بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون بۆ یەک جار و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان بە شێوەی فەرمی لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
سێیەم: ئەوانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەبەر باری دارایی ناتوانن بە فڕۆکەخانە گەشتی گەڕانەوە بکەن، دەتوانن سەردانی بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون و سوودمەندبوون لە بەخشین لە سزاکان و خۆتۆمارکردن بۆ گەشتی گەڕانەوە لە ڕێگای دەروازەی نێودەوڵەتی پیشابوور کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆیان رێک دەخرێت.
بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ پێکهێنانی تیمی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە و ئاسانکاری جێبەجێکردنی بە خێرایی.
ئەم فەرمانە لە ڕۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیرانی 2025 دەچێتە بواری جێبەجێکردن.