مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە گەل و حکوومەتی هیندستان دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی و هاوسۆزیی بە گەل و حکوومەتی هیندستان و ئەو وڵاتانە گەیاند کە لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک لە شاری ئەحمەد ئابادی هیندستان بوونە قوربانی.

دەقی پەیامەکە:

زۆر دڵتەنگم بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی شاری ئەحمەدئابادی هیندستان.

لەم کاتە سەختەدا هاوخەمی قوربانییەکان و خێزانەکانیان و خەڵکی هیندستان و گەلانی دیکەم کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە زیانیان بەرکەوتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکەیەکی شارستانی ئێر ئیندیا لەجۆری بۆینگ 787، لە فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئابادی هیندستانەوە، بە 242 سەرنشینەوە بەرەو لەندەنی پایتەختی بەریتانیا فڕی، هێندە لە فڕۆکەخانەکە دوور نەکەوتەوە،  کەوتە خوارەوە و تێک شکا، دووکەڵی تێکشکانی فڕۆکەکەش بە ئاسمانی شارەکە بەرز بووەوە.

ناتاراجان تشانراسیکاران، سەرۆکی کۆمپانیای ئێر ئیندیا، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: بە داخەوە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکمان لە فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئاباد کە بەرە و لەندەن دەچوو، ڕادەگەیەنم، ئەوەش ڕووداوێکی زۆر خەمناکە.

سەرۆکی کۆمپانیای ئێر ئیندیا دەڵێت: هاوخەمیی بۆ خانەوادەی سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیە دەردەبڕم و سەرەخۆشیی گەرمیان لێ دەکەم. گوتی: ناوەندی فریاکەوتن چالاک کراوە، تیمێکی پشتیوانیش دروست دەکەین بۆ پێدانی زانیاریی بە خانەوادەی قوربانییەکان.