بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر ..
کۆبونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو ئەنجامدرا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.6.12، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، له دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو و بەدواداچوون لە دەرەنجامى کارى پڕۆژەکانى فریاگوزاریى خێراى ئاوى هەولێر، بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشار، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری ئهنجامدرا.
له کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى ههولێر، تیشکى خستەسەر ئەو پلان و بەرنامە ڕێژیی و پڕۆژانەى کە لە ساڵانى ڕابردوودا بەپاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى گرفتى کەم ئاوى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون و توانراوە بە هۆیانەوە قۆناغى زۆر باش ببڕین و تاڕادەیەکى زۆر گرفت و کێشەکان چارەسەر بکرێت، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشى لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و هەوڵ و ماندووبوونى بەرز نرخاندن.
پاشان، پارێزگارى هەولێر دواى بەدوا داچوون بۆ کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەی خێرای ئاوی هەولێر بە تۆڕە ناوخۆییەکانى ناوشار و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، باسی لە گرنگيی پرۆژەكان کرد بۆ شارى هەولێر و بووژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتییان. کە لە ئێستادا لە 78%ى کارەکانى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و لە 90%ى کارەکانى بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشارى هەولێر تەواو بووە و لە سەرەتای تاکو ناوەڕاستى مانگی 7ى ئەمساڵ بەشێک لەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشکین و تاوەکو شەقامی کۆیە لە دەرەوەى شەقامى خێراى 120 مەترى، کە لە پێشتردا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دووچاری کەم ئاوی هاتبوون، بەهۆى ئەو پڕۆژە ستراتیژیەوە ئاو دەگاتە گەڕەکەکانیان و کێشەی ئاویان نامێنێت. سەبارەت بە پڕۆژەى ئاوى قوشتەپەش کە لە ئێستادا 40%ى کارەکانى کۆتایی هاتووە و بڕیارە لە مانگى 11ى ئەمساڵ بەکۆتابێت، پارێزگارى هەولێر خۆشحاڵيی خۆی نیشاندا کە پڕۆژەکان بەگشتى قۆناغى باشیان بڕیووە و لەم نزیکانە چارەسەرى بە شێکى زۆى کێشە و گرفتەکانى ئاو دەکات.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جگە لە دووپاتکردنەوەى دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ ئەو بیرانەى ئاوى پاکى ماڵان، کە کارەبای گەڕەکەکانیان نەبۆتە 24 کاتژمێرى، هەروەها بۆ ئەو گەڕەکانەى کێشە و گرفتى کەم ئاویان هەیە قەیرانەکانى پارێزگاى ڕاسپارد لە ڕێگەى تەنکەر ئاویان بۆ دابین بکرێت، لە ئەگەرى کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاویش، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ڕاسپارد لە ئامادەباشی تەواودابن و لە خێراترین کاتدا چارهسهری کێشە و گرفتەکان بکرێت.
پاشان دوایی گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و بۆچونی ئامادهبووان، پارێزگاری هەولێر دووبارە تەئکیدیکردەوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر نابێت کەمترین گرفت و کێشەی کەمی ئاو هەبێت. بۆ ئەومەبەستەش پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەم و کوڕییە تەکنیکیەکان و چارهسهركردنى گرفت و کێشەکان و پاککردنەوەى ڕێڕەوى سەرچاوەى ئاوى ئاودێرى و کانیاوى گوندەکان، پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند بۆ ئەو مانگەش لە سەر ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕی ( 2 ملیار دینار )ی دیکە تەرخانکراوە وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردنى کەم و کوڕى و گرفتەکان، کە لە مانگى ڕابردووش بڕى ( 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار ) تەرخانکرابوون بۆ هەمان مەبەست، ئەو بودجەیەش تاوکو بە کۆتاهاتنى پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى ئاوى هەولێر بەردەوامى دەبێت، لەوبارەیەشەوە جەختى له سهر خێڕاترکردنى هەنگاوەکانى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە کە لە زووترین کاتدا ڕێکارى پێویست بگرنەبەرلە کەمکردنەوەی کێشەی ئاوی ماڵان.
جێگەى باسە، هەریەک لە جێگرانی پارێزگار، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، قائیمقامى ناوەندى هەولێر، بەریوەبەرى نووسینگەى پارێزگار، بەرێوەبەرى گشتیى ژمێریارى پارێزگا، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاوى دەوروبەر، بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا، بەڕێوەبەرى ئاودێرى، بەڕێوەبەرى ئاوى ژێرزەوى، بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.