عێراق لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە لایەک و گەندەڵی و ئیدارەدانی خراپی حکوومەت لە لایەکی دیکە، لە بەردەم کارەساتێکی گەورەی ژینگەییدایە. گۆم و تاڵاوەکانی ئەو وڵاتە کە بە گەنجینە و شوێنەوارێکی ژینگەیی دادەنرێن و تەنانەت لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە تۆمار کراون و سەرچاوەی بژێویی دەیان هەزار خێزانن، خەریکە بە تەواوی وشک دەبن.
دەمێکە چاودێران و پسپۆران و تەنانەت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییان داوە لە کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق و ئەو کاریگەرییە مەترسیدارانەی کە بۆ سەر کۆمەڵگەی عێراق و سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان و ژینگە و تەنانەت دیموگرافیا دێتە کلایەوە. ساڵی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی بە ڕوونی باسی لەوە کرد کە لە دەیەی داهاتوودا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست عێراق لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا پشکی شێری بەردەکەوێت و پێشبینی کۆچی بە کۆمەڵی خەڵک لە گوندەوە بۆ شار و لە بیابانەکانەوە بۆ شوێنە ئاوەدانەکان دەکرد.
بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرت و زانیارییەکان دۆخی سەرجەم تاڵاوەکانی عێراق لە حاڵەتی فریاکەوتن و نائاساییدایە، چونکە ئاوی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات ئەوەندە دابەزیوە کە جگە لەوەی کە هەڕەشەیەکی گەورە لە سامانی ماسی دەکات لە هەمان کاتدا ژیانی گوندنشینان و جووتیارانی خستووەتە مەترسییەوە.
هەزاران ساڵە تاڵاوەکان شوێنێکی گرنگ بوون لە زنجیرەی خۆراکی و ژیان و ئاژەڵداری و بە سەدان هەزار کەس بژێویی خۆیان لە ڕێی ئاژەڵداری و سامانی ماسی هەڵسووڕاندووە و گوندەکانیشیان هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئاوەدان بووە بەڵام خەریکە کۆتایی بەو ئاوەدانییە دێت.
بە پێی ڕاپۆرتەکە ژمارەی گامێشەکان لە دەوروبەری ئەو تاڵاوانە بە ڕێژەی زیاتر لەسەدا چل، کەمی کردووە، هەزاران کەس ناچار بوون واز لە ئاژەڵداری بهێنن و ڕوو لە پیشەیەکی تر بکەن، بە هەزاران کەس ماڵ و حاڵی خۆیان لە گوندەکان بەجێهێشتووە و ڕوویان لە شارەکان کردووە و لە کەسانی بەرهەمهێنەرەوە بوونەتە کەسانی بەکاربەر.
پارێزگاکانی باشووری عێراق قوربانیی سەرەکی ئەو گۆڕانکارییانەن و ماوەی ڕابردوو لە چەندان شوێن گوندنشینان وەک گەیاندنی پەیامی ناڕەزایی بە حکوومەتی عێراق ماڵەکانی خۆیان سووتاند، سێ ناوچەی هورۆلحوەیزە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای میسان، حورۆلحەممار لە نێوان پارێزگاکانی زیقار و بەسڕا و تاڵاوەکانی نێوان پارێزگاکانی میسان و زیقار بە ڕووبەری بیست کیلۆمەتری دووجا خەریکە لە بێئاوییان وشک دەبن.
بەپێی ئامارێکی تر سەردەمێک لەو شوێنانە قەبارەیەکی زۆری ماسی بەرهەم دەهێنرا و ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرا بەڵام ماسییەکان بە ڕێژەی نەوەد و پێنج لەسەدا لەناوچوون و ڕاستەوخۆ داڕمانی سەرچاوەی بژێویی دەیان هەزار و بگرە سەدان هەزاری لێ کەوتووەتەوە.
جاسم ئەسەدی سەرۆکی ڕێکخراوی ناحکومیی ”سروشتی عێراق” دۆخی ئێستە بە مەترسیدارترین دۆخ و قەیرانی ژینگەیی لە مێژووی تاڵاوەکان ناوبردووە و داوای کردووە ڕێگەچارەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە حوسێن کەنانی بەڕێوەبەری گشتیی بووژانەوەی تاڵاو و زەوییە بەپیتەکان لە وەزارەتی ئاو باسی لە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ ڕزگارکردنی تاڵاوەکان لەو دۆخە کردووە و ئاماژەی داوە دەستیان بە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی تورکیا و ئێران کردووە و ئامانجیانە پشکی ئاوی عێراق زیاد بکرێت بەڵکوو یارمەتیی سەقامگیریی ئێکۆسیستمی تاڵاوەکان و ژینگە بدەن و لە وشکبوون بیانپارێزن. ئەو پاککردنەوەی ڕووبارەکان، ئیدارەدانی ئاو و دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی بە یەکێک لە ڕێچارە گرنگەکان داناوە.
بە ڕای شارەزایان خراپیی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ئاو لە عێراق لە پاڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بە هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە هەژمار دەکرێت کە بەربینگی بە عێراق گرتووە، بەگوتەی تەحسین مووسەوەی پسپۆڕی بواری ئاو کە بۆ ماڵپەڕی ”عەرەبیە جەدید” قسەی کردووە، یەدەگی ستراتیجیی ئاوی عێراق تەنیا یازدە ملیار مەتر سێجایە کە بەلەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکان زۆر کەمە.ئەوەی ڕوو دەدات جگە لەوەی کە ئاسایشی خۆراکی خستووەتە بەر دەم مەترسییەکی گەورە لە هەمان کاتدا چاوەڕێی قەیرانی گەورەتری لێ دەکرێت.
عێراق دەیتوانی بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەرێمی کوردستان بەرەو زیاتر ئیدارەدانی ئاو و کەمکردنەوەی قەیرانەکانی پێوەست بە ژینگە هەنگاو بنێت بەڵام دژایەتییەکانی حکوومەتی ناوەندی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بەری چاوی تاریک کردووە و بێئاگایە لەوەی بەشێک لە ژیانی عێراق و ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکە بە هەرێمی کوردستان و سەرچاوەکانی ئاوی گرێ دراوە.
هەرێمی کوردستان بەو داهاتە سنووردارەی کە هەیبووە لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی دەیان بەنداو جێبەجێ بکات و ژمارەیەک بەنداوی بچووک و مامناوەندی لە جێبەجێکردندان کە دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی یەدەگی ستراتیجیی ئاو، هەنگاوێک کە دەبوایە عێراق بودجەکەی بۆ دابین کردبا و تەنانەت هەنگاوی بۆ بنیاتنانی بەنداوی ستراتجی نابا بەڵام ئەو هەنگاوانەی نەناوە بێ ئەوەی درک بە کاریگەرییە نەرینییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بکات.