بۆتان کامیران، بەرێوەبەری فەرمانگەی دادنووسی یەکەمی هەولێر: بە نادیدە گرتنی بارودۆخی سەختی ژیانی فەرمانبەران تاوانێکی گەورەی حکوومەتی عێراقە دژ بە کوردستان

بە وتەی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی سیاسی، حکوومەتی عێراق ناتوانێت تا سەر بەو شیوەیەی ئێستا بۆی بچێتە سەر و بە میزاجی ئەحزاب و شەخسی مامەڵە بە قوت و ژیانی خەڵکی کوردستان بکات و تێکڕا بڕینی مووچەی کوردستان بە تاوانێکی نێودەوڵەتی دەزانن، بۆتان کامیران، بەرێوەبەری فەرمانگەی دادنووسی یەکەمی هەولێر، بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، دەڵێت؛ مووچە بۆتە کارتێکی سیاسی بەدەست حکوومەتی عیراق بۆ چەوساندنەوەی خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان.

دەشڵێت؛ دەسەڵاتدارانی عیراق هەمیشە بەدوای بەهانەی بێ بنەماو پاساوی نایاسایی دابوون بۆئەوەی لەمپەر لەبەردەم مووچە دروست بکەن ئەم هەڵوێستەی ئێستایان سەبارەت بە ڕاگرتنی یەکجارەکی مووچە دەچێتە قالبی پێشیل کردنی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هەڵوێستەی بەرپرسانی عیراق ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەوان بەمیزاجی سیاسی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن نەوەک بەعەقل و مەنتقی یاسایی و و ئەوەی ئەوان دەیکەن کارێکی نالۆژیکیە یاری کردنە بەشعوری سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم بەنادیدە گرتنی بارودۆخی سەختی ژیانی فەرمانبەران بەشێکە لەوستەمە گەورەی کە بەردەوام دەسەڵاتدارانی عیراق بەرامبەر ئێمەمانان پیادەی دەکەن و بڕینی قوتی فەرمانبەران وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرامبەر حکوومەتی هەرێم بەکاری دێنن بەئومێدی کێشەی مووچە بەکۆدەنگی نیشتیمانی و هەوڵی دڵسۆزانەی بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپابەند کردنی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراق بەدەستوور و جێبەجێ کردنی بنەماکانی حکوومەتێکی فیدڕاڵی ڕاستەقینە.
تا ئێستا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەنێردراوە و هەر سەرەتای ئەم مانگەش ژمارەیەک فەرمانبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی، سکاڵایان لە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ نەناردنی مووچە تۆمار کردووە، بەڵام هێشتا دادگاکە هیچ کۆبوونەوەیەکی لەو بارەیەوە نەکردووە.