ڕائیب جادر – هەولێر
ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگۆی فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە بڕی ٤٠٠ دۆلار لەلایەن کاندید و ھێزە سیاسییەکان بڵاوبووەتەوە، ئەمەش نیشانەی پرسیاری لەسەر شەفافیەتی پرۆسەکە دروستکردووە. بەگوتەی ھەندێک لایەنی سیاسی، کارێکی مەترسییە و شەرمەزارییە بازاڕ و بۆرسە بۆ کڕینی کاندید و دەنگدەران ھەبێت. وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، ھەر کەسێک کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە بکات، سزا دەدرێت.
ئامادەکارییەکان بۆ خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە بارەی ساختەکارییەکان لە زیادبووندان، شانبەشانی کاریگەری بەردەوامی دەستەڵاتی سیاسی و چەکی میلیشیاکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەی ڕوون بۆ کڕینی دەنگی ھاووڵاتییان دەرکەوتوون.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا تۆمارێکی دەنگی سەرکردەیەکی گرووپی عەسائیب ئەھلول حەقی سەر بە قەیس خەزعەلی بڵاو بووەتەوە و ھەڕەشەی دەرکردن لە چەکدارانی گرووپەکەی دەکات، کە تۆماری دەنگدانیان نوێ نەکردووەتەوە، داواش لە سەرکردەی یەکە چەکدارییەکان دەکات، پێویستە لیستی ناوی چەکدارەکانیان ھاوپێچی کۆپییەکی فۆرمی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان و فۆرمی خۆراک بکەن و بیدەنە دەستیان، بۆ ئەوەی بزانن کێ تۆماری دەنگدانی نوێ کردووەتەوە و کێ نوێی نەکردووەتەوە و مەرجێکی دیکەش ئەوەیە کە پێویستە تەواوی ئەندامانی خێزانی چەکدارانیش دەنگ بە کاندیدەکانی عەسائیب بدەن، ئەگینا لە کارەکانیان دەردەکرێن و چیتر مووچەیان پێ نادەن.
بەگوتەی چاودێرانی ھەڵبژاردن، مەترسیدارترین شت لە ھەڵبژاردنی عێراق ئەوەیە ھەر دەستوەردانێک بە زەبری چەک یان بە پارە یان بە ساختەکاری و گۆڕینی ڕاستییەکان یان بە ھەر شێوەیەکی تری ناشەرعی، پرۆسەکە دەخاتە بەردەم ڕەتکردنەوەی تەواوەتی. نەوزاد حامد، شارەزا لە بواری ھەڵبژاردن، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ھەر ھەوڵێک یان ھەر بەڵێنێک کە لەلایەن کاندید و قەوارەکانەوە درابێت، بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر دەنگدەر و کڕینی دەنگی دەنگدەر، پێشێڵکاری یاسایە.
ئەو چاودێرەی ھەڵبژاردن، دەشڵێ: بەدەر لەو شێوازە گاڵتەجاڕییەی خەڵکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی بەڵێنی کاندیدان بۆ بەدەستھێنانی دەنگ دەیگۆڕنەوە، بەشێک لە کاندیدان داھێنان لە شێوازەکانی کڕینی دەنگ و بەرتیلدان دەکەن، ھەندێکیان کە پارەیەکی زۆریان لە گەندەڵی کۆکردووەتەوە، ٣٠٠ دۆلاریان بۆ ھەر چاودێرێکی قەوارە سیاسییەکەی لەکاتی چاودێریکردنی ڕۆژی دەنگدان تەرخان کردووە، کە ھەموو ئەوانە شایستەی سزادانن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە.
ھادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، نرخی یەک کارتی دەنگدەر لە بەغدا گەیشتووەتە سەرووی ٤٠٠ دۆلار، دەشڵێ، لە چەندین ناوچە ڕاپۆرتمان بە دەست گەیشتووە سەبارەت بە کرین و فرۆشتنی دەنگ و کارتی دەنگدان، ئەو دیاردەیە بە مەترسییەکی گەورە دەزانین و داوای گرتنەبەری ڕێکاری بە پەلە دەکەین.
لای خۆیەوە عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، گوتی: پێویستیان بە پەیمانێکی شەڕەفی نیشتمانییە کە تیایدا سەرجەم ھێزە سیاسییەکان بەڵێن بدەن پارەی سیاسی وەک چەکێک لە ھەڵبژاردندا بەکارنەھێنن و بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەنە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، گوتیشی، شەرمەزارییە بازاڕ و بۆرسە بۆ کڕینی کاندید و دەنگدەران ھەبێت، ئەمە کارێکی قێزەونە و پارەکەی حەرامە و خیانەتە لە گەڵ و نیشتمان. سەرەڕای پەرەسەندنی ھۆشدارییەکان و بەڵگەی ڕوونی ساختەکاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو بەڵگانە ڕەت دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر لە ڕێگەی سکاڵای ھاووڵاتییان یان تیمەکانی چاودێری کۆمیسیۆنەوە بە بەڵگەی پێویست بسەلمێنرێت کە کاندیدێک دەنگی کڕیوە ئەوە بەپێی یاسای ھەڵبژاردن ڕێکاری توندی لە دژی دەگیرێتەبەر و تەنانەت لە ھەڵبژاردنەکانیش دووردەخرێتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاگەیاند، ھەر کەسێک کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە بکات سزا دەدرێت، چونکە ھاووڵاتی ئەو کەسەیە، کە بە پەنجەمۆری خۆی دەنگ دەدات، کاندید یان لایەنەکان مافی ئەوەیان نییە بە ناوی ئەوانەوە دەنگ بدەن، کڕینی کارتی دەنگدەر ھیچ سوودێکی نییە و ھەر شتێکی لەو شێوەیە ھەبێت، کۆمیسیۆن سکاڵای یاسایی لەسەر کڕیارەکە تۆمار دەکات، چونکە ئێستا ناتوانین بڵێین ھیچ کەس کاندیدە مەگەر ئەو کاتەی کۆمیسیۆن بە تەواوی ڕەزامەندی لەسەر دەدات. باسی لەوەشکرد، دادگەکان ڕێوشوێن بەرانبەر ھەر کەسێک دەگرنەبەر، کە ھەوڵی کڕینی کارتی دەنگدەر یان دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکانی کۆمیسیۆن بدات، بۆیە فرۆشتنی کارت بە نرخێکی جیاواز بێمانایە، بەو پێیەی ھەر دە پەنجەی دەنگدەر لە کاتی پرۆسەی ھەڵبژاردندا بەکاردەھێنرێت.
هەر دوێنێش، ئاژانسی ههواڵی عێراقی بڵاویكردووهتهوه، كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆیی ههڵبژاردنهكان له عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگهیاندووه: بەرپرسی بهڕێوهبردنی هەڵبژاردنی داهاتوویی خولی شهشهمی پهرلهمان عێراق، دادوەر عامر حسێنی، پلانی سەرەتایی جێگیركردنی ناوەند و وێستگەكانی دەنگدانی پەسەندكرد.
له بهیاننامهكهی كۆمسیۆندا هاتووه: ژمارەی ناوەندەكانی دەنگدانی گشتیی گەیشتووەتە هەشت هەزار و 788 بنكە و هاوكات ژمارەی بنكە گشتییەكانی دەنگدانیش گەیشتووەتە 40 هەزار و 819 بنكە له تهواوی پارێزگاكانی عێراقدا .
سهبارهت به كارمهندانی سهر سندوقهكانی دهنگدانیش كۆمسیۆن ئاشكرای كردووه: كۆمسیۆن پێویستی بە نزیكەی 250 هەزار كارمەندی دەنگدان هەیە، لەكاتێكدا ژمارەی داواكاران تا ئێستا گەیشتووەتە 231 هەزار و 16 كەس .
ئهوهش خراوهتهڕوو: ماوەی پێشكەشكردن بهردهوامه و تا 9ی تەمموز كراوە دەبێت.
جێگای ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژی ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، ئەمەش شەشەم ھەڵبژاردنە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بکرێت، کۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ کردنی پرۆسەکە.