ڕائیب جادر – هەولێر
کوردستانیان لە ھەموو چین و توێژەکان نیگەرانن لە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ڕاگرتنی مووچەکانیان، ئەوەش گەیشتووەتە ئاستی ململانێی سیاسی و پێشێڵکردنی دەستووری عێراق، بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان.
مامۆستا سەمیر ئەحمەد، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: شایستە داراییەکانی کوردستان مافی ئەوانەیە کە لە ھەرێمی کوردستان دەژین و فەرمانبەرن، کە سەرەتاترین مافی خۆیانە، پێویست ناکات بکرێتە موزایەدەی سیاسی و موژدە و بدرێتەوە بە خەڵک.
کامەران ھاشم، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەوەی ئێستا عێراق بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان دەیکات، جگە لەوەی پێشێڵکردنی بنەماکانی دەستوورە، پێشێڵکردنی ھەموو ئەو ڕێککەوتنانەیە کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم کراوە، ھەروەھا پێشێڵکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵییە بە نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان، لە دەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە لەگەڵ ھەرێم ھەیتی، کارتێکی فشارە بۆ تەسلیم بوونی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو ئەو خواستانەی کە عێراق ھەیتی و شکاندنی پەل و پۆپی ھەرێمە، ئەوەش بۆ ئەوەیە چۆک دابدات لەبەرانبەر ئەو شتانەی کە عێراق داوای دەکات.
ھاووڵاتییان پێیانوایە پێدانی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و مافی ھاووڵاتییان بەستراوەتەوە بە ناکۆکی سیاسەتی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان و درێژەپێدەری سیاسەتە چەوتەکانی ڕژێمی پێشووە بەرامبەر بە گەلی کورد.
شادیا ڕەشید، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە، عێراق پارەی گەلانی خۆی دەداتە خەڵکی سووریا، لوبنان، یەمەن و ئەفغانستان، بەڵام ئامادە نییە بداتە مووچەخۆرانی خۆی، ئەوەش دژایەتیەکی ئاشکرایە، نەک بە پلە دوو، بە پلە سێش حساب بۆ خەڵکی کوردستان ناکات، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ململانێی سیاسی تێکەڵی قۆتی خەڵکی کوردستان کراوە، دەبێت کورد ھەڵوێستی خۆی دیار بکات و نابێت ڕێگە بدات بەو شێوەیە بەغدا بەردەوام بێت لەو ھەڵوێستە ناشیرینانە بەرانبەر بە ھەرێم، چونکە ئەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەنفالێکی دیکەیە، بەڵام بە جۆرێکی دیکە.
بەڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە سزایەکی دەستە جەمعییە کە بژێو و کەرامەتی ھاووڵاتییانی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە شایستە داراییەکانی ھەرێم بە دەستوور و یاساکان دەستەبەر کراوە، دواخستنی یان ڕاگرتنی سزایەکی بە کۆمەڵە بۆ تاکی کورد.